سۆرانی  |  بادینی  |  English      

ئەمریکا بەشداری لە پێشخستنی پرۆژەی کارەبای هەرێم دەکات

  2021-04-06  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا لەهەولێر، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پێشخستنی کەرتی کارەبا لە هەرێمی کوردستان دەردەبڕێت و کونسوڵی بەشی ئابووریش دەڵێت، ئەمەریکا لەرێگەی قەرز و کۆمپانیاکانییەوە، بەشداریی لە ژمارەیەک پرۆژەی کارەبا دەکات.

لە میانی کۆبونەوەی لەگەڵ کەمال محمد ساڵح وەزیری کارەبایی هەرێم، لیزا بۆ دۆنڵی کونسوڵی بەشی ئابووری لە کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا لەهەولێر، پشتگیریی ئەمەریکای دووپات کردەوە بۆ حکومەت و گەلی کوردستان بەگشتی و پرۆژە و کارەکانی وەزارەتی کارەبا بەتایبەتی و باسی بەشداری حکومەتی ئەمەریکای کرد لە رێگەی قەرز و کۆمپانیاکانییەوە ئامادەیی تێدایە بۆ  جێبەجێکردنی ژمارەیەک پرۆژەی گرنگ لەهەرێمی کوردستان لەناویاندا پرۆژەکانی کارەباش لەخۆدەگرێت. 

لای خۆیەوە، وەزیری کارەبا وێڕای سوپاسی حکومەت و گەلی ئەمەریکا باسی لەچەند پرۆژەیەکی ستراتیژی وەزارەتی کارەبا کردوو داوایکرد گەورە کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتە بەشداربن لە جێبەجێکردنی ئەو پرۆژانە بەتایبەتی پرۆژەی سکادا بۆ کۆنترۆڵی کارەبا و جێبەجێکردنی چەند وێستگەیەکی گۆڕینی کارەبای ٤٠٠ کەی ڤی و ئەنجامدانی پرۆژەی بەرهەمهێنانی کارەبا بەهاوشێوەی وێستگەی غازی گەرمیان کە بەسوود وەرگرتن لەغازی بەفیڕۆچوو لەناوچە جیاجیاکانی کوردستان بونیادبنرێت، هەروەها باسی لەگرنگی راکێشانی بۆری غازی بۆ وێستگەی ١٠٠٠مێگاواتی کارەبای کواشی لەپارێزگای دهۆک کرد،  کە دەکرێت لەرێگەی وەزارەتی سامانە سروشتیەکانەوە جێبەجێ بکرێت و بۆ بەرزکردنەوەی توانای بەرهەمهێنانی کارەبا لەهەرێمی کوردستان زۆر گرنگە. 

هاوکات، کونسوڵی ئابووری کونسوڵخانەی ئەمەریکا لەکوردستان ئامادەیی دەربڕی لەرێگەی وەزارەتە پەیوەندارەکانی وڵاتەکەیەوە بانگێشتی ژمارەیەک لەگەورە کۆمپانیاکانی ئەمەریکا بکات بۆ گفتوگۆکردن و دانیشتن لەگەڵ وەزارەتی کارەبا، هەروەها میکانیزم و شێوازی پێدانی قەرزەکەی خستەڕوو کە قەرزێکی درێژخایەنەو بەسوودێکی زۆر کەم.