بومەلەرزەیەک سنورەکانی هەرێم و رۆژهەڵاتی کوردستانی هەژاند

  2021-04-06  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
کەمێک پێش ئێستا بوومەلەرزەیەک سنورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و هەرێمی کوردستانی هەژاند و لە سلێمانی بەباشی هەستی پێکرا و چەند چرکەیەک بەردەوام بوو.

میدیا خۆجێیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژەیان بەوەکردووە، خەڵکی شارەکانی سنە و مهاباد و بۆکان و سەقز و بانە هەستیان بە بوومەلەرزەکە کردووە.

ئەوەشیان خستووەتەڕوو کە بوومەلەرزەکە لە شاری سنە نزیکەی ٢٠ چرکە بەردەوام بووە و ئەوەش ترس و دڵەڕاوکێی لای خەڵکی شارەکە دروستکردووە و بووتەهۆی ئەوەی کە بەشێکی زۆریان لە ماڵەکانیان بچنەدەر.

هاوکات میدیاکانی ئێران بڵاویانکردووەتەوە، بوومەلەرزەکە بەگوڕی 5.3 پلە بەپێوەری ریختەر و بەقوڵی ١٠ کیلومەتر روویداوە.

ئاشکراشیانکردووە کە چەقی بوومەرلەرزەکە، ناوچەیەکی نێوان شارەکانی مەریوان و بانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و قەزای پێنجوێن لە هەرێمی کوردستان بووە.

تاوەکو ئێستا زیانەکانی بوومەلەرزەکە نەزانراوە و هیچ وردەکارییەک لەوبارەیەوە بڵاونەکراوەتەوە.

بەپێی چەند وێنەیەک کە لەلایەن هاوڵاتییەکەوە بۆ تۆڕی هەواڵی ژیان نێردراون، نەخۆشخانەی پێنجوێن زیانی ماددی بەرکەوتووە و بەشێکی داڕماوە.

چەند وێنەیەکی نەخۆشخانەی پێنجوێن دوای بوومەرلەزەکە لە خوارەوە دانراون:


ڕیکلام