جارێکی تر فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا سنورەکانی قەزای ئامێدیان لە پارێزگای دهۆک بۆردومانکرد.
پەیامنێری تۆڕی هەواڵی ژیان رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، ٦ی٤ی٢٠٢١، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بەچڕی سنوری گوندەکانی سەرگەلێ و سگێرێ لە نزیک چیای مەتینا لە دەڤەری ئامێدی بۆردومانکردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو ئێستا زیانەکانی ئەو بۆردومانە بەوردی نەزانراوە.
هاوڵاتییەک لە گوندی سەرگەلێ بە تۆڕی هەواڵی ژیانی راگەیاند، هێرشەکە ترس و دڵەڕاوکێی زۆری لای دانیشتووانی ناوچەکە دروستکردووە و داواشی لە لایەنی پەیوەندیدار کرد، بەجددی هەوڵ بۆ کۆتاییهێنانی ئەو هێرشانە بدەن.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا چەندین جار دەورووبەری گوندەکانی سێری و بێرومان و هێتیتێ لە ناحیەی دێرەلوکی سەربە قەزای ئامیدی بۆردومانکرد.