گروپە چەکدارەکانی عێراق هەڕەشە لە هێزەکانی ئەمریکا دەکەن

  2021-04-07  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ژمارەیەک گروپی چەکداری سەر بە هێزەکانی حەشدی شەعبی، هەرەشەی هێرش و کردەوەی سەربازییان لە هێزەکانی ئەمریکا کرد لە عێراقدا، ئەگەر بەغدا و واشنتۆن وادەیەک دیاری نەکەن بۆ کشانەوەی هێزە بیانییەکان.

ئەو لێدوانەکە لە بەیاننامەیەکدا بە ناوی دەستەی هەماهەنگی بەرگری عێراقی، کە گروپە چەکدارەکانی  کەتیبەکانی حزبوڵای عێراقی و عەسائیبی ئەهلی حەق و کەتیبەکانی سەید شوهەدا و بزوتنەوەی نوجەبا لە لەخۆ دەگرێت هاتووە.

هەرەشەی ئەو گروپە چەکدارانە لە کاتێکدایە، بڕیارە ئەمڕۆ لەڕێگەی ڤیدیۆ چاتەوە خولی سێهەمی گفتوگۆی ستراتیژی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و عێراق دەستپێبکات، بە مەبەستی گفتوگۆ کردن لەسەر ئەو کێشانەی کە جێی بایەخی هەردوولان، لەوانەش هاریکاری لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.

لە بەیاننامەکدا دەستەکە ڕایگەیاند، بەرەی بەرگری خۆی دەبێتەوە لەبەرامبەر پابەندبوونێک کە بەوپەڕی هێزەوە لێدانی بەهێز و ورد ئاراستە بکات، ئەگەر بێت و گفتوگۆکان بەشێوەیەکی ئاشکرا و روون وادەیەک بۆ کشانەوەی هێزە بیانییەکان دیاری نەکات، کە ئەو بە هێزی داگیرکەر ناوی بردوون.

ئاماژەی بەوەشکردووە، زانیارییان لەبەردەستدایە، کە بەیاننامەی کۆتایی خولی سێهەمی دانیشتنەکە، هیچ ئاماژەیەکی تیا نییە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق، کە ئاماژەی کردووە بە چوونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەسەر خاکی عێراق.

خولی سێهەمی گفتوگۆی سراتیژی نێوان ئەمریکا و عێراق، یەکەم گفتوگۆی راستەوخۆیی نێوان ئەمریکا و عێراقە لەسەر ئەو بابەتە، لەوەتەی ئیدارەی نوێی ئەمریکا، بەسەرۆکایەتی جۆ بایدن دەستبەکار بووە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ فوئاد حسین وەزیری دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکی کورتدا ڕایگەیاند، خولی سێهەمی گفتوگۆی ستراتیژی نێوان بەغدا و واشنتۆن، لە لایەن حکومەتی عێراقەوە بایەخی تایبەتی پێ دەدرێت.

پەرلەمانی عێراق لە ڕۆژی ٥ی کانونی دووەمی ٢٠٢٠دا بڕیاریدا بە دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە وڵاتدا.

ئەو بڕیارەش دوای تێپەڕبوونی دوو ڕۆژ بوو بەسەر تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران و ئەو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا لە لایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکاوە.

لە ئێستادا نزیکەی ٢٥٠٠ سەربازی ئەمریکا لە عێراق لە چەنجد بنکەیەکی سەربازیی جێگیر کراون، بە مەبەستی ڕاهێنان و هاوکارییکردنی هێزە عێراقییەکان لە دژی داعش.



ڕیکلام