خولی سێهەمی گفتوگۆی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمریکا دەستی پێکرد

  2021-04-07  | 
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، بە سەرپەرشتی فوئاد حسین وەزیری دەرەوەی عێراق و ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لەڕێگەی تەکنیکی ڤیدیۆییەوە، گفتوگۆی ستراتیژی نێوان بەغدا و واشنتۆن دەستیپێکرد.

خولی ئەمجارەی گفتوگۆی ستراتیژی نێوان هەردوولا، بۆ سێهەمجارە و یەکەمجاریشە لەسەردەمی ئیدارەی نوێی ئەمریکا، دوای دەستبەکاربوونی جۆ بایدن لە پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا.

دوای دەستپێکردنەکەش وەزیری دەرەوەی عێراق، پەیامێکی ئاراستەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد، سەبارەت بە هاریکاری هاوبەش و یاداشتی لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنە ئیمزا کراوەکانی نێوان هەردوو وڵات.

فوئاد حسین ئاماژەی بەوەشکرد، کۆبوونەوەی ئەمڕۆ جەختیکردنەوەیە لە بەهێزکردنی هەوڵە هاوبەشەکانی هەردوولا، لە دوو خولی گفتوگۆکانی ڕابردوودا بەخەرج دراوە.

وەزیری دەرەوەی عێراق روونیشیکردووەتەوە، پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان گەشەی بەرچاوی بەخۆیەو دیووە، بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان، تا گەیشتە پەسەندکردنی بودجەی فیدراڵی.

ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق پەیڕەوی سیاسەتی کرانەوە و هاوسەنگی دەکات لە پەیوەندییەکانی دەرەوە و خۆ بەدوورگرتن لە سیاسەتی خۆساغکردنەوە بەسەر تەوەرێکدا، ناشیەوێت وڵاتەکەی ببێتە گۆڕەپانی ملمڵانێکان و چەسپاندنی بەدیهێنانی بەرژەوەندیی هاوبەش.

  



ڕیکلام