سۆرانی  |  بادینی  |  English      

کازمی: بە پشیتوانی ڕۆڵەکانی عێراق دەکەوێتەوە سەر پێی خۆی

  2021-04-18  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، عێراق بە پشتیوانی گەنج و ڕۆڵەکانیەوە دەکەوێتەوە سەر پێی خۆی و وڵاتێکی ئاسایی و ساکار نییە لە ناوچەکەدا.

لە میانی ئامادەکردنی بەربانگێکدا بۆ ژمارەیەک لە فەرماندە سەربازییەکان و لێپرسراوی دەزگا ئەمنییەکان، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، ئەوان لەبەردەم بەرپرسیارێتی و قۆناغێکی مێژوویدان، عێراق بە توانا ڕۆڵە و لاوەکانی دەکەوێتەوە سەر پیی خۆی، بۆیە ئەرکی هەموانە پارێزگاری عێراق بکەن و ڕێگری بکەن لەوەی وڵات بگەڕێتەوە بۆ دواوە.

کازمی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کارە ئەرکی هەموو هاوڵاتییەکی عێراقیەن بەڵام بە پلەی یەکەم ئەرکی دەزگا و هێزە ئەمنییەکانە.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا کازمکی جەختیکردەوە، کاتێک دەڵێن عێراق کەوتووەتەوە سەر پێی خۆی، بە مانای ئەوە نییە کە بەرپەست و ڕێگرییەکان کۆتاییان هاتووە، بەڵکو دەبێت هەموان وریا و ئاگان بن، دەبێت بەرپرسیارانە ڕووبەڕووی هەموو دۆخ و هەرەشەیەک ببنەوە، سەرچاوەکەی لە هەر شوێنێکەوە بێت.

لە کۆتایی وتەکانیدا سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنەیەکی سەربازیی هونەری تایبەت پێکهێنراوە، بۆ دیاریکردنی پێداویستیە گرنگەکانی عێراق، هەروەها ڕێوشوێنەکانی وەرگرتنی ئەرکەکان لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.

ئاماژەی بەوەشکرد، سەرکەوتوو بوون لە بنیاتنانی گفتوگۆیەکی بنیاتنەرانەو بەرپرسیارانە، بۆ سەپاندنی شێوازی یاسایی و زەمەنی بۆ کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، چونکە لە ئیستادا هێزە عێراقییەکان زۆر زیاتر ئامادەباشییان هەیە بۆ وەرگرتنی جڵەوەی ئەمنی و ڕووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی داعش.