سۆرانی  |  بادینی  |  English      

دانایی فەڕ: هێرشەکان بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبن

  2021-04-19  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
باڵیۆزی پێشووی ئێران لە بەغدا رایگەیاند، هێرشەکان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەردەوام دەبن.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، حەسەن دانایی فەڕ باڵیۆزی پێشووی ئێران لە بەغدا رایگەیاند، "هێرشەکان بۆ سەر پێگە و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق ئەوە پیشاندەدەن کە تەنانەت بە چەک و کەولوپەلی سەربازی سوک و سەرەتاییش دەتوانرێت، ئەمریکییەکان تووشی کێشە بکرێن".

بەئاماژەپێدان بە هێرشەکەی هەفتەی رابردوو بۆ سەر فڕۆکەخانەی هەولێر، دانایی فەڕ رایگەیاندووە، ئەو هێرشە لە چوارچێوەی ئەو هێرشانەدا ئەنجامدراوە کە دەکرێتەسەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە سەرانسەری خاکی عێراق.

دەشڵێت، "گەلی عێراق و بەتایبەتیش گەنجانی ئەو وڵاتە بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتەکەیان قبوڵ ناکەن".

ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەپێی پڕۆژە بڕیاری پەرلەمانی عێراق، سەربازانی ئەمریکا دەبێت خاکی عێراق جێبهێڵن، ئەوەش لە کاتێکدایە کە جاربەجار ئەمریکییەکان گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا دەکەن و چەند بەڵێنێکیان پێدەدەن بەڵام جێبەجێیان ناکەن.

لە وەلامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی کە ئەگەر ئەمریکییەکان بیانەوێ کە هەرێمی کوردستان جێگیر ببن و بمێننەوە، ئایا پشێوی و ئاڵۆزییەکان لە هەرێم زیاتر دەبن؟، حەسەن دانایی فەڕ رایگەیاندووە، "هەروەک پێموتن، هێرشکردن بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەچوارچێوەی ئەو هێرشانەدا دەکرێت کە لە ناوەند و باشوری عێراق ئەنجامدەدرێن، بەوشێوەیە نییە کە لە ناوچەیەکی عێراق، خەڵک ئەمریکییەکانیان خۆش بوێت و لە ناوچەیەکی تر دژیان بن، بیانی بیانییە و عێراقییەکان وەک هێزێکی داگیرکەر سەیری ئەمریکییەکان دەکەن و سەرجەمیان لە سەربازانی ئەمریکا بێزارن".

جەختی لەوەشکردووتەوە، ئەگەر ئەمریکا بیەوێت سەربازەکانی لە هەرێمی کوردستان کۆبکاتەوە، لەوێش هاوشێوەی شوێنەکانی دیکەی عێراق رووبەڕوویان دەبنەوە چونکە گەنجەکانی عێراق قبوڵی ناکەن هێزی بیانی لە وڵاتەکەیان بمێنێتەوە، کەواتە، هێرشەکان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا بەردەوامیان دەبێت.

کاتژمێر 9:45 خولەکی شەوی چوارشەممە ١٤ی٤ی٢٠٢١ هێرشکرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و پاش چەند خولەکێک لەو هێرشە، چوار موشەک ئاڕاستەی بنکەیەکی سەربازی تورکیا لە باشیک کران .

دواتر وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "دوای لێکۆڵینەوە و بەداواداچوونی دەزگا پەیوەندیدارەکان بۆ هۆکاری تەقینەوەی ئەمشەوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، لە ئەنجامدا دەرکەوت کە هێرشەکە بەڕێگەی درۆنی TNTکراو بووە و ئاراستەی بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانان کراوە لە ناو فڕۆکەخانە".

ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەکە زیانی گیانی نەبووە و تەنها زیانی ماددی بەر باڵاخانەیەک کەوتووە .

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، لێکۆڵینەوەکانیان بەردەوامن بۆ دیاریکردنی سەرچاوە و شوینی هاتنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە.