لە شەوی رابردووەوە شەڕ و پێکدادان لەنێوان ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان و گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سوریا لە قامیشلۆ دەستیپێکردووە و بەوهۆیەشەوە ئەندامێکی ئاسایش شەهیدبووە.
میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان بڵاویانکردەوە، کاتژمێر ١٠ی شەوی رابردوو چەکدارانی گروپی بەرگری نیشتیمانی سەر بە حکومەتی سوریا لە قامیشلۆ تەقەیان لە خاڵێکی پشکینینی هێزەکانی ئاسایش کردووە و بەوهۆیەشەوە شەڕ و پێکدادن سەریهەڵداوە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢١ی٤ی٢٠٢١، لە ئەنجامی ئەو شەڕ و پێکدادانە، ئەندامێکی ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان بە سەختی برینداربووە و دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.
میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان راشیانگەیاندووە، تاوەکو ئێستاش شەڕ و پێکدادانەکان بەردەوامیان هەیە و ئەوەش ترس و دڵهڕاوكێی زۆری لای هاوڵاتیانی ناوچەکە دروستکردووە.