پاش 17 مانگ تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دەستپێدەکاتەوە

  2021-03-21  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ماوەی چەند ڕۆژێکە شەڕ و پێکدادانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و گروپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا لە سوریا و رۆژئاوای کوردستان دەستیپێکردووەتەوە و رۆژی رابردووش هێزی ئاسمانی تورکیا هێرشی کردەسەر بنکە و بارەگاکانی هەسەدە لە ناوچەی ریفی عەین عیسا.

روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەدوای کۆتاییهاتنی ئۆپراسیۆنی کانی ئاشتی لە ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٩، دوێنێ شەممە ٢٠ی٣ی٢٠٢١، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا بۆ یەکەم جار هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)  لە باکوری سوریا.

ئاماژەی بەوەشکرد کە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا چەند بنکەیەکی سەربازیی هەسەدەیان لە ناوچەی ریفی عەین عیسا لە باکوری رەقە بۆردومانکردووە.

لەوبارەیەشەوە رامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، پاش ئەو هێرشە ئاسمانییە، هێزی زەمینی تورکیا هێرشی بۆ سەر ناوچەکە دەستپێکردووە و لەو کاتەوە تا ئێستا شەڕ و پێکدادن لە نێوان هێزەکانی هەسەدە و سوپای تورکیا و گروپە چەکدارەکانی نزیک لەو وڵاتە بەردەوامە.

رامی عەبدولڕەحمان راشیگەیاندووە، تورکیا و گروپەکانی هاوپەیمانی نەیانتوانیوە هیچ پێشکەوتنێک تۆمار بکەن، تەنانەت زیانی زۆریشیان بەرکەوتووە، ئەگەرچی تاوەکو ئێستا زیانەکان بەوردی ئاشکرا نەکراون.

بە ئامانجی رێگەگرتن لە فراوانبوونی دەسەڵاتی هێزە کوردییەکان و یەکینەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)، لە ساڵی 2019وە سوپای تورکیا لە زەوەی و ئاسمانەوە و بە ئەنجامدانی چەندین ئۆپراسیۆنی سەربازیی بەرفراوان، هێرشی کردەسەر سەر ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان، ئەو هێرشانەش بووەتەهۆی دروستبوونی ئاڵۆزی لە نێوان ئەنکەرە و هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا.



ڕیکلام