عێراق و ئەمریکا گفتوگۆ لەسەر مەترسی کامپی هۆل دەکەن لەسەر ناوچەکە

  2021-04-28  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و ماسیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا، گفتوگۆیانکرد، سەبارەت بە کامپی هۆل لە سوریا و مەترسییەکانی لەسەر ناوچەکە.

لە بەیاننامەیەکدا نوسینگەی ئەعرەجی بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، پێشوازیکردووە لە ماسیۆ تۆلە باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق.

بە گوێرەی بەیاننامەکەدا لە سەرەتای دیدارەکەدا باڵیۆزی ئەمریکا سوپاسی هەوڵەکانی حکومەتی عێراقی کردووە، لە نزیککردنەوەی بۆچوونی لایەنەکان و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان، هاوکات هەوڵەکانی بۆ چەسپاندنی ڕاگرەکانی ئاسایش و ئارامی لە ناوچەکەدا.

بەگوێرەی بەیاننامەکە، باڵیۆزی ئەمریکا جەختیکردووەتەوە لەوەی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەوڵی ئەوەدایە پەرە بە یەیوەندییەکانی بدات لەگەڵ عێراق لەسەرجەم بوارەکاندا.

ئامادەیی وڵاتەکەشی دەربڕیوە بۆ پێشکەشکردنی هەموو هاوکارییەک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، هەردوو گفتوگۆیان کردووە دەربارەی دۆخی سیاسی و ئەمنی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی، لەوڕوەشەوە جەختکراوەتەوە لە ڕێککەوتنەی کە لە گفتوگۆی ستراتیژی لەسەر پێکهاتوون.

وەک لە بەیاننامەکەی نوسینگەی ئەعرەجی ئاماژەی پێکراوە، هاوکات هەردوولا گفتوگۆیان کردووە لەسەر دۆسیەی کامپی هۆلی سنوری و مەترسییەکانی لەسەر ناوچەکە، بەو پێیەی ژمارەیەکی زۆر لە لایەنگرانی رێکخراوی داعشی تێدایە.

 

 هۆل، شارۆچکەیەکە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای حەسەکەوە لە ڕۆژئاوای کوردستان، لەکاتی جەنگی ناوخۆیی سوریا و سەرهەڵدانی ڕێکخراوی داعش لە عێراق و سوریا، لەلایەن ڕێکخراوی داعشەوە دەستی بەسەردا گیراوە، بە یەکێک لە پێگە هەرە سەرەکییەکانی ڕێکخراوەکە دادەنرا لە سوریا.

لە ساڵی ٢٠١٥ دوای زنجیرە تێکشکانەکانی داعش لە لایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتییەوە کۆنترۆڵکران ئەو شەرەش بە یەکەم شەڕی ستراتیژی سەرکەوتوو هێزەکانی سوریای دیموکراتی لەقەڵەمدرا.

دواتریش دوای تێکشکاندنی داعش لە سوریا، لەنزیک سنوری عێراق و سوریا و لە ناوخاکی سوریادا کامپێک بۆ چەکداران و خێزانی ڕێکخراوی داعش دروستکرا و لەژێر چاودێری هێزەکانی سوریای دیموکراتی بەڕێوە دەبرێت.



ڕیکلام