وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت بە کونسڵی گشتی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستانی راگەیاند، تا ئێستا نۆ جار هێرشکراوەتە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، داوا لە ئەمریکا دەکەن هەوڵەکانیان بۆ پاراستنی ژێرخانی ئابوری و وزەی هەرێم چڕبکەنەوە.
كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەکالەت لەگەڵ مارك سترۆ كۆنسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان کۆبۆوە و گفتوگۆیان لەبارەی هێرشە درۆنییەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر کرا.
لە كۆبونەوەكە. مارک سترۆ كونسوڵی ئەمەریكا رایگەیاند، نیگەرانن لە هێرشە درۆنییەكەی سەر كێڵگەی كۆرمۆڕ کە گیان لەدەستدانی چوار كارمەندی كێڵگەكە لێکەوتەوە، ئەو هێرشە تیرۆرستییە و ئامانج لێی زیانگەیاندنە بە ئابوری هەرێمی کوردستان و عێراق.
كونسوڵی ئەمەریكا ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەی لە نزیكەوە چاودێری و بەدواداچونی گۆڕانكارییەكان دەكات و هەوڵەكانی بۆ پشتگیریی لە ئارامی و ئاسایشی هەرێمی كوردستان و رێگرتن لە بەزاندنی سەروەری خاكی عێراق و هێرشی تیرۆریستی بەردەوام دەبێت.
لە بەرامبەردا كەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەكان بەوەكالەت رایگەیاند، هەوڵەكانی ئەمەریكا بەرز دەنرخێنن و داوا دەکەن هەوڵەكانیان بۆ پاراستنی ژێرخانی وزە و ئابوریی هەرێم چڕ بكەنەوە کە ئەمە نۆیەمین هێرشە دەکرێتە سەر ئەم کێڵگەیە و زیان بە ئابوریی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدراڵی گەیاندوە.