عیسا عوسمان
لەم چەند ڕۆژەدا لەگەڵ کۆمەڵێک برادەر ڕێمان کەوتە کتێبخانەیەک و لەوێ چاوم بە کۆمەڵەچیرۆکەکەی کافکا کەوت کە تازەکی چاپ کرابوو، دڵخۆش بووم بەم کارە، بۆ من کە هەمیشە حەزم بە خوێندنەوەی بەرهەمەکانی کافکا کردووە و چێژم لێ بردوون، مزگێنییەک بوو. بەڵام هەر کە کتێبەکەم کردەوە و چوومە سەر کورتەچیرۆکی ''پرد'' نائومێد بووم و باری خەمێکی گرانم لێ نیشت! من بۆیە بە دیاریکراوی ئەو کورتەچیرۆکەم خوێندەوە، چون زیاد لە ١٠ جار، بە دوو وەرگێڕانی عەرەبی و دووانی ئینگلیزی خوێندبوومەوە، بەڵام جەخار کە هەر لە ڕستەکانی سەرەتادا واقم وڕ ما کە چۆن ئەو هەموو هەڵەیە بەسەر وەرگێڕدا تێپەڕیون، لە سەروو هەمووشییەوە بەزەییم بە خوێنەری کورددا هاتەوە کە ئەم دەقانەی بەم جۆرە دەرخوارد دەدرێن، دەقگەلێک کە دەکرێ بڵێین شێوێندراون، ئەتککراون و ناپاکییەکی گەورە لە نووسەرەکانیان کراوە. دواتر بیرم کردەوە خۆ ناکرێ هەموو ئەمانە هەڵەی وەرگێرە فارسەکە بن، سەیری سەرچاوەکەییم کرد و هێندەی دی کەوتمە گومانەوە، چون لێرە و لەوێ ناوبانگیی ئەو وەرگێڕە فارسەم بەر گوێ کەوتبوو کە زۆر جددی کاری لەسەر بەرهەمەکانی کافکا کردووە، جا هەر بەو بۆنەیەوە برادەرێکی ئەزیزم ڕاسپارد تاکوو بەراوردێکی فارسییەکەی بکاتەوە و، دەرکەوت زۆربەی هەرە زۆری ئەو هەڵانەی کە وەرگێڕ تێیان کەوتووە، بەهۆی زماننەزانیی خۆیەوە بووە، نەک ئەوەی وەرگێڕە فارسەکە بە هەڵە وەری گێڕابن! لێرەدا هەوڵ دەدەم سەرنجەکان لە چەند خالێکدا کۆ بکەمەوە :
1- شێواندنی خاڵبەندی، ڕستەسازی و شێوازی تایبەت بە نووسەر، بە جۆرێک کە هەست دەکەی تۆ خەریکی خوێندنەوەی چیرۆکێکی کلاسیکیی بەر ئاگردانی نەک دەقێکی کافکا کە لام وایە ئەمە لەخۆیدا ناپاکییەکی گەورەیە کە بەرانبەر نووسەر کراوە .
'' 2- من پردێکی سەخت و سارد بووم بەسەر ئاودڕێکەوە .''
* ڕەقوتەق و سارد، پردێک بووم، بەسەر کەنداڵێکەوە درێژ بووبووم .''
ڕەنگە نەنگیی بێ بۆ وەرگێڕێکی بەئەزموون کە سەروکاری لەگەڵ زمانی فارسیدا هەبێ، ''سخت''ی فارسی هەر بە سەخت وەربگێڕێ نەک ''ڕەق''. لە زمانی کوردیدا ''سەخت'' زیاتر وەک هاوواتای ''دژوار و زۆر بەرز'' بەکار هاتووە، بۆ نموونە: چیای سەخت، ڕێگەی سەخت، کاری سەخت. هەر بۆیە دروست وابوو بنووسێت ''ڕەق''، چونکە نووسەر وەسفی جەستەی کەسایەتییەکەی کردووە کە لە سەرمادا ڕەق بووە .
3- ''چنگم لە زەوییە تەڕەکە گیر کردبوو ''
* توند خۆم بە خاکی فشەڵی ئەوێوە گیر کردبوو .
- I had clamped myself fast into the crumbling clay
- و كنت قد تمسكت بقوة في الطين المتداعي - ترجمة: د. رمضان مهلهل .
- لقد رسخت نفسي في الطين المتداعي. ترجمة: عبدلوهاب ابوزيد
وەرگێڕ ''فشەڵ''ی بە ''تەڕ'' وەرگێڕاوە کە دوو شتی جیان. زەوییەک گەر تەڕ بێ، دەکرێ بەبۆنەی شێدارییەکەیەوە وردە وردە فشەڵیش ببێ، بەڵام مەرج نییە زەوییەکی فشەڵ ئەسڵەن تەڕ بێ! فشەڵیی زەوی، پەیوەندی بە جۆری خاک و بۆشایی چینەکانی ژێرییەوە هەیە نەک تەڕی !
4- ''ڕووبارێکی سارد دەیگرماند ''
*دوور دوور لە خوارێڕا، جۆگەلەی سارد بە ماسییەکانی ناوییەوە خوڕەی دەهات .
- Far below brawled the icy trout stream
- في الأسفل هدر السيل جليدي بأسماكه .
- أسفي مني، كان النبع البارد العزب يهدر .
بەر لە هەموو شت ''جۆگە، stream ، brook ، creek ، سيل'' بە ''ڕووبار'' وەرگێڕراوە! خۆ گەر وەرگێڕ لە کاتی وەرگێڕاندا کەمێک ورد بووایە، ئەوا دەیزانی کە ئەگەری هەبوونی ڕووبار لە کەندەڵاندا کەمترە و ڕێی تێناچێ، دوای ئەوەش، ئاو ناگرمێنێ، خۆ هەور نییە تا بگرمێنێ! ئاو خوڕەی دێ یان لرفە، خۆ گەر زۆریش بەخوڕ بێت و بە جێیەکی بەرز و نزمی بڕوات، یاخود لە شوێنێکی بەرزەوە بێتە خوار، ئەوا ''هاژە''ی دێ. کێشەکە هەر ئەمە نییە و وەرگێڕ ئەوەشی پەڕاندووە کە جۆگەکە ''ماسی'' تێدایە، لە کورتەچیرۆکەکەدا باسی جۆرێک لە ماسی کراوە بە ناوی ''trout'' کە چەند جۆرێک ماسی دەگرێتەوە و گشتیان لە ئاوی سازگاردا دەژین و هەر یەکەیان ناوێکی تایبەت بە خۆی هەیە .
5- ''هیچ ڕێبوارێک ڕێی نەدەکەوتە ئەو شوێنە بەرز و سەختە ''
* هیچ ڕێبوارێک ڕێی نەکەوتبووە ئەم بەرزاییە ئەقڵنەبڕە .
No tourist strayed to this impassable height.
- لم يطأ اي سائح على هذا الارتفاع المتعذر عبوره .
- و لم يسبق لسائح، أن ضل طريقه الى هذا المرتفع الشاهق .
دەمی کار لە ڕابردووی دوورەوە گۆڕاوە بۆ ڕانەبردووی تەواو !
6- ''هیچ پردێک ناتوانێت بمێنێتەوە، ئەگەر وردە وردە دانەڕمێت .''
* پرد کە ڕاخرا، مەگەر داڕمێ، ئەگینا ناتوانێ کۆتایی بە پردبوونی خۆی بهێنێ .
- Without falling, no bridge, once spanned, can cease to be a bridge.
- لا يمكن لأي جسر، ما ان امتد على جانبين، أن لا يكون جسرا إلا بعد أن ينهار .
- دون سقوط، ليس بوسع جسر شد طرفاه الى ضمتين ان يتخلى عن كونه جسرا .
ڕستەکە بە پێچەوانەوە وەرگێڕراوە، بەپێی قسەی وەرگێڕ، بۆ ئەوەی پردێک بمێنێتەوە، پێویست دەکا وردە وردە داڕمێت! ئەمە نەک تەنیا پێچەوانەی مەبەستی نووسەرە و وەرگێڕ لێی تێنەگەیشتووە، بەڵکە ئەسڵەن ناشچێتە ئەقڵەوە و هیچ لۆژیکێک ئەمە قبووڵ ناکات! ئاخر پرد کە داڕما، ئیدی کۆتایی بە پردبوونی یەت. خۆ گەر وەرگێڕ بینووسیبا ''هیچ پردێک ناتوانێت بمێنێتەوە، ئەگەر وردە وردە داڕمێت'' ئەوا لە مەبەستی نووسەر نزیک دەبووەوە و کەم تا زۆر دەیپێکا .
7- ''بیرم بەردەوام ئاڵۆز و ناسەقامگیر بوو ''
* بیرکردنەوەکانم هەمیشە شپرزە بوون و بە دەوری هەمان شتدا دەخوولانەوە .
-- my thoughts were always in confusion and perpetually moving in a circle.
- إذ كانت أفكاري دائما مشوشة و دائرة على الدوام في دوامة .
- فقد كانت افكاري مشوشة و تتحرك في دوائر أبدية .
جگە لەوەی وەسفێک بێمانا و هەر بۆ خۆشی زیاد کراوە کە ''ناسەقامگیرە'' ڕستەیەکیش پەڕێندراوە: ''بە دەوری هەمان شتدا دەخوولانەوە'' یاخود ''بازنەیی دەخوولانەوە !''
8- ''سەرلەئێوارەیەکی هاوین، کە ڕووبارەکە لە جاران زیاتر لە شەپۆلاندا بوو ''
* دەمەوئێوارەیەکی هاوین بوو و خوڕەی جۆگەکە زیادی کردبوو .
- It was toward evening in summer, the roar of the stream had grown deeper.
- كان الوقت يتجه نحو المساء في الصيف، ازداد هدير السيل .
- كان اليوم صائفا في المساء، و كان هدير النبع يتعاظم .
وەرگێڕ دووبارە کەوتووەتەوە هەمان هەڵە و ''جۆگە''ی بە ''ڕووبار'' وەرگێڕاوە! جگە لەمەش، بەو پێیەی کە وای داناوە ئەمە ڕووبار بێ، لەبری زیادبوونی خوڕەی ئاوەکە، شەپۆلی نووسیوە کە بۆ جۆگە ناشێت، چونکە شەپۆلەکان یان ئەوەتا بەهۆی باوە دروست دەبن وەک هی دەریاکان، یان بەهۆی بەرز و نزمییەکی زۆری ئاوەوە کە جۆگە ئەو مەودا فراوانەی نییە تاکوو شەپۆلی تێدا دروست بێت !
9- ''لەپڕێکدا گوێم لە دەنگی پێی پیاوێک بوو .''
* لەپڕ گوێم لە تەپەی پێی مرۆڤ بوو !
- I heard the sound of a human step!
- سمعت صوت خطوة بشرية !
- حينما تهادى الى سمعي وقع خطى أدمية .
''مرۆڤ'' کە گشتییە و نووسەر ویستوویەتی هەر وا بیهێڵێتەوە، بە ''پیاو'' وەرگێڕراوە. پردەکە ڕووی لە خوارەوەیە و تەنیا جۆگە و ماسییەکان دەبینێ، جا بۆیە هەر مرۆڤێک بەرەو ئەوێ بێ، نێر بێ یان مێ، ئەو جیای ناکاتەوە، چونکە چاوی لێی نییە. هەر خودی نووسەر چەند دێڕێک دواتر هەمان گومان سەبارەت بە ناسنامە و ڕەگەزی کەسەی نەناسراو زیندوو دەکاتەوە و نایەوێ پێمان بڵێ کە کێیە و چ کارەیە، هەر بۆیە دەپرسێ: ''تۆ بڵێی کێ بێ؟ منداڵێک؟ خەونێک؟ ڕێبوارێک؟ خۆکوژێک...'' ئەمە جیا لەوەی کە زۆر ڕوونە ''Human'' بە ئینگلیزی و ''ادمي- انسان- بشري'' بە عەرەبی، واتە ''مرۆڤ'' نەک ''پیاو ''.
10- ''پردەکە باش خۆت ڕاگرە، ئاگاداری خۆت بە، ئەی دارەڕا بێکۆڵەکەکان، ئەو کەسەی بە دەستتان سپێردراوە پارێزگاریی لێ بکەن .''
* خۆت ڕاست کەرەوە، ئەی پرد، ئەی کاریتەی بێنەردە، ئامادەی هەڵگرتنی ئەو گەشتیارە بە کە متمانەی پێ کردووی .
- Straighten yourself, bridge, make ready, railless beams, to hold up the passenger entrusted to you.
- استقم، أيها الجسر، تهيأي، أيتها الألواح بلا سور، لتمسكي بالمسافر الذي وثق بك .
- أمشق قامتك أيها الجسر، لتحفظ الوافد الذي منحتك ثقته .
هەرچەند دەیهێنم و دەیبەم نازانم چۆن ''ئامادە بە'' بە ''ئاگاداری خۆت بە'' وەرگێڕراوە! دواتر ''Railless'' کە دەکاتە ''بێنەردە، بێ محاجەرە، بێبەربەست'' بە ''بێکۆڵەکە'' وەرگێڕراوە، وەرگێڕ جیاوازی لەنێوان نەردە و کۆڵەکەدا نەکردووە کە دوو شتی جیان، نەردە وەک بەربەست لەملا و لەولای پرد، یاخود لەسەر بان و شوێنی دیکە بۆ پارێزگاریی کردنی مرۆڤ لە کەوتنەخوارەوە سوودی لێ دەبینرێ، بەڵام کۆڵەکە، دار، ئاسن، یان شیشێکە کە لە خوارەوە، لە شتێک گیر دەکرێ تا بەر نەبێتەوە و هاوسەنگییەکی ڕابگیرێت. هەڵەیەکی دیکەی زەقی وەرگێڕ ئەوەیە کە تاکی کردووەتە کۆ، ''کاریتەی بێنەردە'' کە تاکە، کراوە بە 'دارەڕا 'بێکۆڵەکەکان'' کە کۆیە! ئەمەش ئەوەمان لا ڕوون دەکاتەوە کە وەرگێڕ ئاگای لە گێڕەرەوەی چیرۆکەکە نییە و نازانێ پردەکە لەگەڵ خۆیدا دەدوێت و دەڵێت: ''ئەی کاریتەی بێنەردە''! هەر دوابەدوای ئەمانە، هەمدیس وەرگێڕ تاکی کردووەتەوە بە کۆ و ڕستەکەی بە تەواوی تێک داوە ''ئەو کەسەی بە دەستتان سپێردراوە پارێزگاریی لێ بکەن!'' جێناوی کەسی سەربەخۆی دووەمی کۆ''تان- دەستتان'' لەگەڵ جێناوی لکاوی کەسی دووەمی کۆ ''ن- بکەن'' ئەم دوو جێناوە هەردووکیان تاکن و کراون بە کۆ، بەمەش مەبەستی قسەکان بە تەواوی شێوێنراوە، چون بەو جۆرە پردەکە کە هەر یەک دانەیە، دەبێتە چەند پردێک. دوای ئەوەش، کەس گەشتیارەکەی نەسپاردووەتە دەست پردەکە تا هەڵی بگرێت، بەڵکە گەشتیارەکە خۆی خۆی سپاردووەتە دەست پردەکە و متمانەی پێ کردووە تا بەسەریدا بپەڕێتەوە. جا ئەگەر وەرگێڕ بینووسیبا: ''پارێزگاریی لەو کەسە بکە کە خۆی سپاردووەتە دەستت'' ئەوا ڕێی تێدەچوو و ماقوولتر دەبوو .
11- ''ئەگەر هاوسەنگییەکەی تێک چوو، بچۆرە پێشەوە، وەک خودای کێوان بەرەو کەناری هەڵدە .''
* خۆ گەر ھاوسەنگیی تێک چوو، ئەوا ئەرکی ڕاستەقینەی خۆت بەجێ بگەیەنە و وەک خوداوەندی کێوان فڕێی دەرە کەنار .
- but if he stumbles show what you are made of and like a mountain god hurl him across to land.
- و لكن إذا ما تعثر، اظهر لما صنعت من اجله، و مثل إله جبل اقذف به الى الأرض .
- و إذا ما حدث سقط، فاظهر له طيب معدنك .
وەرگێڕ زۆر ئاسایی ڕستەیەکی لە کۆڵ خۆی کردۆتەوە و بێ ئەوەی ماناکەی بزانێ، هاکەزایی بۆ ڕاییکردنی کارەکە، شتێکی لەشوێن داناوە. ''ئەرکی ڕاستەقینەی خۆت بەجێ بگەیەنە'' کراوە بە ''بچۆرە پێشەوە''! لێرەدا هیچ لێکدانەوە و بیرکردنەوەیەک سوودی لێ نەبراوە، پردەکە مرۆڤە و لەمسەر و لەوسەر چنگی لە زەوییەکە گیر کردووە، یانی چی بچێتە پێشەوە، لە کاتێکدا بواری هیچ جووڵەیەکی نییە! خۆ گەر جووڵەیەکی لەو جۆرە بکا کە وەرگێڕ باسی دەکا، ئەوا نەک تەنیا خۆی دەکەوێتە خوار، بەڵکە گەشتیارەکەش دەخاتە خوار کە ئەمەش پێچەوانەی ئەرکی پردە کە پەڕاندنەوەی گەشتیارانە !
12- ''کابرا گەیشت ''
*هات .
دووبارە ''مرۆڤ'' بە ''پیاو'' وەرگێرراوە، تەنیا جیاوازییەکەی ئەوەیە کە لە سەرەوە پیاو بوو، لێرەدا بووە بە کابرا! نووسەر ویستوویەتی خوێنەر تێکەڵی کەشی چیرۆکەکە بکات و هەست بە بارودۆخی پردەکە بکا، نەک هەر ئەمە، بەڵکە خودی خۆیشی لەشوێنی پردەکە دابنێ، هەر بۆیە تەمای بووە گەشتیارەکە هەر وا بە نەناسراویی بهێڵێتەوە، بەڵام وەرگێڕ هاتووە، بە لەبەرچاونەگرتنی هەموو ئەمانە، ڕەگەزی گەشتیارەکەی دیاری کردووە و کردوویەتییە نێر !
13- ''بە نووکەئاسنێکی گۆچانەکەی پیایدا کێشام، پاشان بە گۆچانەکەی جلەکانمی بەرز کردەوە دای بە سەرمدا .''
*هات، نووکی ئاسنینی گۆچانەکەیی پێدا کێشام، جا داوێنەکانی پاڵتۆکەمی پێ بەرز کردەوە و ڕێکوپێک خستنییە سەرم .
- he tapped me with the iron point of his stick, then he lifted my coattails with it and put them in order upon me.
- جاء و ضربني بالنهاية حديدية لعصاه، ثم رفع أطراف معطفي بها و وضعها بالترتيب علي .
- اقترب مني، و نقر فوقي بالطرف المعدني لعصاه، ثم رفع ذيول معطفي به و اعاد ترتيبه .
کاتێک دەڵێی ''جلەکانم'' مەبەست لێی کۆی ئەو پارچە پۆشاکانەیە کە لە بەرتن، بە پاڵتۆ و پانتۆڵ و کراس و هەموویەوە. بۆ نموونە کاتێک دەپرسی: جلەکانم جوانن؟ خۆ تەنیا مەبەستت لە پاڵتۆ، پانتۆڵ، یان کراسەکەت نییە کە جوانە، بەڵکە مەبەستت لە کۆی ئەو شتانەیە کە لە بەرتن. نووسەر مەبەستی بووە تەنیا ئاماژە بە ''داوێنەکانی پاڵتۆ''کەی بکات کە بە گۆچانەکە بەرز کراونەتەوە. دواتر چۆنییەتی خستنەوەسەری داوێنەکانی پاڵتۆکەی بەسەر جەستەیدا پەڕێندراوە، نووسراوە ''put them in order upon me'' واتە ''ڕێکوپێک خستنییەوە سەرم'' یاخود: ''ڕێکوپێک بەسەریدا دامەوە''، بەڵام وەرگێڕ ئەمەشی پەڕاندووە، ڕەنگە بە گرنگی نەزانیبێ کە بینووسێت! دەشێ ئەم وەسفانە سادە دەرکەون، بەڵام لە وەرگێڕاندا گرنگییەکەی زۆریان هەیە، بۆ نموونە دەکرێ لەڕێی چۆنییەتیی ڕاپەڕاندنی ئەم کارەوە (کە خستنەوەسەری داوێنەکانی پاڵتۆکەیەتی بەسەر جەستەیدا) شیکارییەک بۆ کەسایەتی و باری دەروونی کەسایەتییەکە بکەیت. خۆ دەکرا تووڕە و شپرزانە، هەر وا بە شێواوی بیانداتەتەوە بە سەریدا !
14- ''لەپڕێکدا بە هەردوو قاچییەوە خۆی پێدا کێشام .''
* بە هەردوو پێ بازی دایە سەر ناوەڕاستی جەستەم .
- he jumped with both feet on the middle of my body.
- قفز بكلتا قدميه على منتصف جسدي .
- قفز بكلتا قدميه عند منتصف جسدي تماما .
وەرگێڕ بازدانە سەری کردووەتە خۆپێداکێشان! پێم وایە ئەم ڕستەیە هیچ گرێ و قورسییەکی وای تێدا نییە کە بەو جۆرە وەربگێڕرێ، دەکرێ وەرگێڕێکی سەرەتایی و کەمئەزموون زۆر ئاسان ئەم ڕستەیە بە دروستی وەربگێڕێ، جا نازانم وەرگێڕ چۆنچۆنی ئەم هەڵە زەقەی بەسەردا تێپەڕیوە و پێداکێشان و بازدانی لێ تێکەڵ بووە! بێ لەمە، وەرگێڕ ئەوەشی پەڕاندووە کە باز دەداتە سەر کوێی پردەکە! دەکرا باز بداتە سەر سەری، شانەکانی، یاخود کەفەڵی، بەڵام نووسەر زۆر ڕوون و ئاشکرا ئاماژەی بەوە داوە کە باز دەداتە سەر ناوەڕاستی جەستەی !
15- ''ئەمە کێ بوو؟ منداڵێک؟ خەونێك؟ ڕێگرێک؟ کەسێک خەیاڵی خۆکوژی هەبوو؟ کابرایەکی ڕاڕا؟ پیاوکوژێک؟ ''
* تۆ بڵێی کێ بێ؟ منداڵێک؟ خەونێک؟ ڕێبوارێک؟ خۆکوژێک؟ شەیتانێک؟ وێرانکەرێک؟
- Who was it? A child? A dream? A wayfarer? A suicide? A tempter? A destroyer?
- من هناك؟ هل هو طفل؟ أم حلم؟ أم عابر سبيل؟ انتحاري؟ شيطان؟ مدمر؟
- من كان: طفلا، حلما، عابر السبيل، منتحرا، مغويا، محطماََ؟
لە یەک ڕستەدا سێ ناو بە هەڵە وەرگێڕراون، نازانم وەرگێڕانی ناو دەبێ چ هونەرێکی تێدا بێ! ''ڕێبوار'' بە ''ڕێگر'' وەرگێرراوە، ''شەیتان، بەلاڕێدابەر، وەسوەسەکەر، فریودەر'' بە ''کابرایەکی ڕاڕا'' وەرگێڕراوە، لانی کەم گەر بیکردایەتە ''ڕاڕاکەر'' ئەوە مەبەستەکەی دەپێکا، لە دوابەدوای ئەمانەشدا ''وێرانکەر، تێکدەر'' بە ''پیاوکوژ ''.
16- ''پاشان ڕووم وەرگێڕا تا بیبینم، پردەکە سەری وەرگێڕابوو ''
* وەرچەرخام تاکوو بیبینم، ئاخر پردت بینیوە وەرچەرخێ !
- And I turned so as to see him. A bridge to turn around!
- و استدرت من اجل ان اراه. جسر يستدير !
- استدرت كما لو كنت اريد ان اراه. جسر يلتف الى الوراء .
نووسەر بە سەرسووڕمانەوە دەپرسێ ''ئاخر پردت بینیوە وەرچەرخێ!'' چونکە سرووشتی پرد وایە کە وەرناچەرخێ و لەشوێن خۆیدا جێگیرە و هەر وا بە متی دەمێنێتەوە، بەڵام وەرگێڕ نووسیویەتی: ''پردەکە سەری وەرگێڕابوو'' کە هەڵبەتە نەک تەنیا بە پێچەوانەوە وەری گێڕاوە، بەڵکە گێڕەرەوەشی لێ تێک چووە و ڕەچاوی ئەوەی نەکردووە کە کۆی چیرۆکەکە لەسەر زمانی کەسی یەکەم دەگێڕرێتەوە .