44 سیناتۆر داوا لە بایدن دەکەن دانوستانەکان لەگەڵ ئێران رابگرێت

  2021-05-13  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەهۆی پشتیوانیکردنی ئێران لە بزوتنەوەی حەماس، ٤٤ سیناتۆری ئەمریکا داوای کۆتاییهێنان بە دانوستانەکان لەگەڵ تاران دەکەن.

لە نامەیەکدا کە ئاڕاستەی جۆ بایدن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کراوە، ٤٤ سیناتۆر داوایان کردووە، بەهۆی پشتیوانیکردنی ئێران لە گروپە فەلەستینییەکان لەوانەش بزوتنەوەی حەماس، دانوستانەکانی پەیوەست بە زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی رابگرێت.

لە نامەکەیاندا هاتووە، لە چەند رۆژی رابردوو گروپە چەکدارییەکانی فەلەستین کە بودجەکەیان لەلایەن ئێرانەوە دابین دەکرێت، زنجیرەیەک هێرشی موشەکیان بۆ سەر خاکی ئیسرائیڵ ئەنجامداوە و خەڵکی مەدەنییان کردووەتە ئامانج.

ئەو سیناتۆرانە کە لە ناویاندا مارک رۆبیۆ، تێد کروز، تۆم کاتن و میت رۆمنی هەیە، بە جۆ بایدن-یان راگەیاندووە، "رووداوەکانی چەند رۆژی رابردووی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین مایەی نیگەرانی و تێڕامانە، چونکە لەئێستادا، ئەندامانی کابینەکەی ئێوەی لە ڤیەننا سەرقاڵی دانوستان لەگەڵ ئێرانن کە بە سەرکیترین پشتیوانی تیرۆر لە جیهاندا لەقەڵەم دەدرێت".

جەختیان لەوەشکردووەتەوە کە بەهۆی هێرشەکانی ئەم دواییەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، پێویستە واشنتن رێوشوێنی پێویست بەرامبەر تاران بگرێتەبەر و بەهیچ شێوەیەک گەمارۆکانی سەر ئێران هەڵنەگرێت.

بە ئامانجی گەڕاندنەوەی ئەمریکا بۆ رێککەوتننامەی ئەتۆمی کە ساڵی 2015 لە نێوان ئێران و وڵاتانی 5+1 ئیمزا کرا و دووبارە پابەندبوونی ئێران بە رێککەوتننامەکە، لە سەرەتای مانگی نیسانی ئەمساڵەوە، دانوستانی ئێران و وڵاتانی 4+1 لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.

چەند رۆژ پێش ئێستاش، حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، شاندی دانوستانکاری وڵاتەکەی لە ڤیەننا کارێکی گەورەیان ئەنجامداوە و ئەگەر یەکگرتووبن، بەمنزیکانە گەمارۆکان هەڵدەگیرێن.

لە چەند رۆژی رابردوودا ناکۆکییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین سەریهەڵداوەتە و دوای چەند هێرشێکی هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل لە شەوی 27ی رەمەزاندا، گروپە چەکدارییەکانی نزیک لە حەماس زنجیرەیەک هێرشی موشەکییان بۆ سەر شارەکانی ئیسرائیل، لەناویشیاندا تێلئەبیب ئەنجامدا و بەپێی دواین ئامارەکان، تاوەکو ئێستا، ٦٥ فەڵەستینی و شەش ئیسرائیلی کوژراون و بە دەیانی دیکەش برینداربوون.



ڕیکلام