وەرگێڕانی: ئاگا ئیسماعیل
سۆسیۆلینگویستکس بریتییە لە توێژینەوە و لێکۆڵینەوە لە ژیانی ڕۆژانەمان، بەدەر لەوە، بریتییە لە چۆنییەتی کارکردنی زمان لە گفتوگۆ سەرپێیەکانی ڕۆژانە و میدیا کە نێچیرەکەی ئێمەین و پارێزراو نین لێی. هەروەها بریتییە لە بوونی بنەما و پەیڕەو و یاسا کۆمەڵییەکان کە زمانێک پێک دێنن. لەبەرئەوەی تۆ ئێستا ئەم وتارە دەخوێنییەوە، لەوانەیە چەند بیرۆکەیەکت هەبێت دەرباری سۆیۆلینگویستیکس و پێویستییەکانی. لەوانەیە ئارەزووی بابەتەکە بکەیت و بزانیت کە هەر یەک لە (دیالێکتی هەرێمی)، (کەسێک کە سێ زمان یان زیاتر دەزانێت)، (پەیڕەوی زمان) و (زمانێک کە هیچ بێڕێزییەک و نادادپەروەرییەکی بەرانبەر بە ژن تێدا نییە) چییە. لەم وتارەدا، باسی بابەتەکەنی سەرەوە و چەندانی تر – پەیوەندی لە نێوان ئاستەکانی چینی کۆمەڵ و نەژاد لەگەڵ بەکارهێنانی زمان چییە، ڕۆڵی زمان لە پەروەردەدا – لە وتارەکانی داهاتوودا دەکەین .
من حەز دەکەم خوێنەر نەڕوانێتە سۆسیۆلینگویستکس وەکو کەشکۆڵێکی ڕاستی، بەڵکو وەکو ڕێگەیەکی بینینی جیهانی دەوروبەر. لە سۆسیۆلینگویستکسدا، دەمانەوێت داتا شیبکەینەوە بۆ ئەوەی بتوانین گشتاندان دەربارەی زمان لە کۆمەڵگەدا بکەین، هەروەها پرسیار دەربارەی دەرئانجامەکانمان و پڕۆسەی ئەنجامدانی لێکۆلینەوەکەش بکەین. بۆ نموونە با باسی “بابەتی نازناو” بکەین. بیرۆکەیەک هەیە کە دەڵێت پیاوان نازناو بەکار دەهێنن بەڵام ئافرەتان نا، هەروەکو لەم نوکتەیەی خوارەوەدا ڕونکراوەتەوە :
ئەگەر سارا و چاوان و شکۆفە و شەیما و لانە بۆ نانی ئێوارە بیانەوێت یەکتر ببینین، یەکتر هەر بە سارا، چاوان، شکۆفە، شەیما، لانە بانگ دەکەن، بەڵام ئەگەر ڕامیار و دیاری و هونەر و دیدار و محمد بیانەوێت بۆ نانی ئێوارە یەکتر ببینن، ئەوا یەکتر بە چەقوکێش، فشەکەر، بلۆکخۆر، کاک جددی و سەرپان بانگ دەکەن .
سەبارەت بەو دیاردە سۆسیۆلۆجییە دەتوانین لێکۆڵینەوە بکەین بە ئەنجامدانی ڕاپرسییەک لەناو خەڵکدا دەربارەی نازناوەکانیان و چاودێری کردن و تۆمارکردنی کارلێکەکان لەوەی کە پیاوان یان ئافرەتان زیاتر نازناو بۆ یەکتر بەکاردەهێنن. ئێمە لە ڕاپرسییەکەدا بۆمان دەرکەوت کە پیاوان زیاتر نازناو بۆ یەکتری دادەنێن و ئافرەتان زۆر کەمتر ئەم کارە دەکەن. بەڵام با ئێمە قوڵتر و زیاتر بچینە ناو بابەتەکە لەچاو ئەم گشتاندنە؛ بۆچی سەرەتا ئەم پرسیارەمان کرد؟ بۆچی وادادەنێن کە پۆلی پیاوان و ئافرەتان بەشێوەکەی کۆمەڵایەتی پەیەوەندن بەیەکەوە؟ چی هەیە کە وا دەکات نازناو بەکار بهێنین یان بەکار نەهێنین؟ گرنگی ئاکاری کۆمەڵایەتی؟ یان سەرەڕای ئەوەی کە زۆربەی پیاوان نازناو بەکار دەهێنن و ئافرەتان نایکەن، چۆن بوونی ئەو پیاوانە باس بکەین کە نازناو بەکار ناهێنن یان ئەو ژنانەی کە نازناو بەکار دەهێنن؟
لەبەر ئەوە، سەرەڕای ئەوەی لە سۆسیۆلینگویستکیسدا وتەکان شی دەکەینەوە بە ئامانجی دروستکردنی گشتاندنەکان، هەروەها ئێمە پرسیار سەبارەت بەو گشتاندنانە دەکەین و لێکۆڵینەوە دەکەین دەربارەی ئەوەی کە چۆن لە بەرانبەردا کاریگەریان لەسەر چۆنییەتی بەکارهێنانی زمان دەبێت. بە کورتی، سۆسیۆلینگویستیکس بریتی نییە لە خوێندنی ڕاستییەکان (بۆ وێنە؛ پیاوان نازناو بۆ یەکتر بەکار دەهێنن)، بەڵکو بریتییە لە خوێندنی بیرۆکەکان دەربارەی ئەوەی چۆن بنەما کۆمەڵییەکان و بەکارهێنانی زمانمان تێکەڵ بەیەکتری بوون (بۆ وێنە؛ بوون بە ئەندامێکی نێر یان مێی کۆمەڵگەیەکی دیاریکراو لەوانەیە کاریگەری لەسەر ئەو تێرمانە هەبێت کە ئێمە بۆ بانگ کردنی یەکتر بەکاری دەهێنین ).
دواتر بە بەردەوامی دێنەوە سەر ئەم خاڵانە: زمان، کۆمەڵگە، و دەرئەنجامەکانی توێژینەوەی سۆسیۆلینگویستیک هەموویان دەبیت لە دەقە کۆمەڵایەتییەکەی خۆیاندا ببینرێن و وەربگێڕدرێن و پێناسە بکرێنەوە. بۆ دەست پێ کردن، ئێمە خاڵێکی دەستپێک بۆ باسکردنی زمان لە کۆمەڵگەدا دەخەینە بەردەست. کە دەڵێن کۆمەڵگە، واتا دەستەیەک لە خەڵک کە بەیەکەوەن بۆ مەبەستێک یان چەند مەبەستێکی تایەبت؛ ئەمە زاراوەیەکی تا ڕادەیەک نادیار و فراوانە، لەم پەرتوکەدا، سەرقاڵی گفتوگۆکردن دەبین سەبارەت بە چۆنییەتی کیشانی سنووری مانادار بە دەوری دەستەیەک لە قسەکەر بە مەبەستی لێکۆلێنەوە لە زمانەکەیان. مەبەستیش لە زاراوەی زمان بریتییە لە سیستەمێکی زمانەوانی پەیوەندی کردن تایبەت بە دەستەیەک ئان کۆمەڵەیەک؛ جا ئەمە دەکرێت زمانێکی ئاخێوراو، نووسراو یان نیشانە بێت .
ئەم زاراوانە، کە بێگومان تۆ تێبینیت کردوون، وەکو چەسپ بەیەکەوە لکاون و لێکبوونەوەیان مەحاڵە. کۆمەڵگە پێویستی بە زمانێک یان چەند زمانێک هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت ئامانجەکانی بپێکێت، و ئێمەش باسی ڕێگەکانی ئاخاوتن بە پشت بەستن بە ئاخێوەرەکانی دەکەین. ئەم پەیوەندییە لێنەبوراو و ئاڵۆزە، واتا ناتوانین خۆمانی لێ لادەین، ئامانجی ئێمە بریتییە لە لێکۆڵینەوە لە پەیوەندی نێوان زمان و کۆمەڵگە بە شێوەیەکی تایبەتتر کە یارمەتیمان دەدات ڕونتر پێناسەی دەستە کۆمەڵایەتییەکان و شێوازەکانی قسەکردنیان بکەین و تێبگەین .
لە چەند بابەتی داهاتوودا، باس لە بنەما سەرەکەییەکانی سۆسیۆلینگویستکس دەکەین: زانینی زمانێک واتا چی، سروشتی جیوازییەکان لە نێوان زمانەکاندا، گرنگی ئەندامییەتی دەستەیەکی کۆمەڵایەتی لە زماندا، و جیاوازی بیرۆکەکان دەربارەی پەیوەندی نێوان دونیابینی ئەم گروپانە و ئەو زمانانەی قسەی پێ دەکەن .
________________________________________
سەرچاوە:
An Introduction to Sociolinguistics, 7th Edition
Ronald Wardhaugh, Janet M. Fuller