شەڕ و جینۆساید و تورکیا

  2021-07-03  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئیبراهیم سادق مەلازادە


ئادەم جۆنز، لە پێشەکییە گشتگیرەکەی، دەوڵەت، ئیمپریالیزم، جەنگ و شۆڕشی کۆمەڵایەتی، وەکو چوار سواری تاوانی جینۆساید، وەسف دەکات. هەر لەو چوارچێوەیەشدا، جەخت لەوە دەکاتەوە کە جەنگ و جینۆساید وەکو دوانەیەکی جمك وان. لەهەرکوێیەك جەنگ ڕوویدا، چاوەڕوانی ئەوەش بکە جینۆسایدیش ڕووبدات. هەروەها مێژووناسی ئەمریکی كريستوفر فيتويز و سۆسیۆلۆگی بەریتانی مارتن شو، جەخت لەسەر ئەو دیاردەیە دەکەنەوە. پەیوەندی بەهێزی جەنگ و جینۆساید لە تۆماری سەدەی بیستەمدا زۆر ڕۆشنە. ئادەم جۆنز هەرسێ جینۆسایدە "کلاسیکییەکان" بەسەردەمی  جەنگ دەبەستێتەوە، لەوانەش جینۆسایدی ئەرمەنییەکان لە تورکیای عوسمانی، جووەکان لە ئەوروپای داگیرکراودا لەلایەن نازییەکان و توتسییەکانیش لە کۆنتێکستی جەگی ناوخۆیی/ نێودەوڵەتیدا. بەڵام بیری دەچێت یا ئاگاداری ئەوە نەبووە کە شاڵاوەکانی ئەنفالیش بەشێکن لە سەردەمی جەنگ، هەروەها جینۆسایدی ئێزیدییەکانیش. 

زۆر کەس پێیان وایە ئەگەر شەڕی عێراق و ئێران نەبوایە جینۆساید نەدەبوو. ئەم قسەیە وەکو پاساوێك باس دەکەن بۆ ڕوودانی جینۆسایدی فەیلییەکان، بارزانییەکان و شاڵاوەکانی ئەنفال. ئەوانە لەوە بێ ئاگان کە دەستەڵاتی داگیرکەر بەدوای دەرفەتدا دەگەڕێت بۆ لێدانی ئەوخەڵکەی کە ڕقی لێیان هەستاوە، کە نابن بە بەشێك لە پڕۆژەی ئەو دەستەڵاتە، کە ناچنە ژێر فەرمان و ستراتیژییەتی ئەوان. بێگومان ئەگەر شەڕی دووەمی جیهایش نەبوایە لەوانەبوو هۆلۆکۆست ڕووی نەدابایە. ئەگەر شەڕی داعشیش نەبووایە، ئێزیدییەکانیش جینۆساید نەدەکران و زیاتر لە 4000 کچی ئێزیدی بەبەرچاوی دونیاوە وەکو کۆیلە ڕاپێچی بازاڕەکانی فرۆشتنی کۆیلەکان نەدەکران.

ئەمڕۆش، لە کۆتایی چارەکی یەکەمی سەدەی بیست و یەکەمدا، بەبەرچاوی دونیاوە، سوپای تورکیا وەکو پیشەی هەمیشەیی خۆی، پەلاماری شاری عەفرینی دا و خەڵکی ئەوشارەی جینۆساید کرد. هەموو ڕەگەزەکانی جینۆساید لەو شەڕەدا هەن. دۆخی جەنگ، سوپای دەوڵەتێکی بێگانە، لەدژی نەتەوەی کورد، بەو مانایەی دەوڵەتێك لەدژی خەڵکی مەدەنی و خەڵکێك کە لەڕووی ئیتنیك، کولتور و مێژووشەوە لەوان جیاوازن. بەئامانج گیراوەکان تا ئەو چرکەساتەش لەو شارە بەهۆی کوردبوونییان بەئامانج دەگیرێن، بەمەش ئەوەی دەوڵەتی وترکیا دەیکات، کت و مت دەچێتە قالبی جینۆساید، بەپێی پێناسەی نەتەوە یەکگرتووەکان. بێجگە لەوەش، شەڕی دەوڵەتی تورکیا دژ بە خەڵكی کوردستان بەردەوامە. شەڕێك کە لەکۆمەڵێك ئاستەوە پێڕەوی لێ دەکرێت، لەسەر ئاستی کولتوری، ڕێگا بە بچووکترین مافی کولتوری خەڵکی کورد لە باکوور نادات، لەسەر ئاستی سیاسی، بە سەدان پەرلەمانتار، ئەندامی شارەوانییەکان و چالاکوانی سیاسی لە گرتوخانەکانی تورکیا دان، هەروەها لەسەر ئاستی سەربازیش، بەپاساوی شەڕ دژی پارتی کرێکارانی کوردستان، بەردەوام خەڵکی مەدەنی لە باکوور و باشووری کوردستان بە ئامانج دەگرێت، وێڕای ئەوەش تورکیا بەردەوامە لەسەر تێکدانی ئیکۆلۆژیای کوردستان و هەڵتەکاندنی خاك و دار و بەردی کوردستان.


ڕیکلام