محەمەد پاکپور فەرماندەی هێزی پیادەی سوپای پاسداران ڕایگەیاند، سنوری ڕۆژهەڵاتی وڵات لەگەڵ ئەفغانستان ئارامە، بە تایبەت لە سایەی گۆڕانکارییەکانی ناوخۆیی ئەو وڵاتە و کۆنترۆڵی ناوچەیەکی فراوان لە لایەن تالیبانەوە.
پاکپور ئەمڕۆ لە میانەی بەسەرکردنەوەی دەروازەی سنوری (دوگارون)ی سنوری لەگەڵ ئەفغانستان ڕایگەیاند، هیچ کێشەیەکی ئەمنی لە ئارادا نییە لە سنوری ئێرانەوە، لە ئێستادا سەرجەم ناوچە سنورەکانی ڕۆژهەڵات لەگەڵ ئەفغانستاندا ئارام و پارێزراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو روداوانەی کە لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا لەودیوو سنوری ئەفغانستان لەگەڵ ئێراندا ڕوویاندا، سەردانی ناوچەکەیان کردووە، بۆ بەسەرکردنەوەی هێزە سەربازییە جێگیرکراوەکان لە ناوچەکە، بە تایبەت لە دەروازەی سنوری دوگارون، بۆ دڵنیابوونەوە لە توانا و ئامادەباشی هێزە سەربازییەکانی ئێران.
لە کۆتایی وتەکانیدا محەمەد پاکپور جەختیکردەوە، سەرجەم ناوچە سنورییەکان لەژێر چاودێری هەواڵگریدایە، بۆیە هەر جموجوڵێک کە ببێتە هۆی دروستکردنی نائارامی بۆ ناوچە سنورییەکانی ئێران، هێزە چەکدارەکان بەو پەڕی هێزەوە ڕووبەڕووی دەبنەوە.