ھۆزی کینانە کە ئەحمەد حەمداوی عوەید کینانی بکوژی ھیشام ھاشمی یەکێکە لە کوڕی ئەو ھۆزە، داوای لە سێدارەدان و دابەزاندنی توندترین سزای بۆ دەکەن و خۆشیان لێی بێبەری دەکەن .
عەدنان دەنبوس شێخی ھۆزی کینانە لە بەغدا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، بە ناوی خۆی و بە نوێنەرایەتی ھۆزی کینانەوە، بێبەریبوونی خۆیان و ئیدانەی ئەو کارە ترسنۆک و تاوانکارییەی ئەحمەد حەمداوی کینانی دەکەن، کە تاوانبارە بە تیرۆرکردنی ھیشام ھاشمی .
ئاماژەی بەوەشکرد، ھۆزی کینانە کەسانی بکوژ و تاوانکار نوێنەرایەتی ناکەن، داواشی لە دەسەڵاتی جیٍبەجێکردن کرد، توندترین سزای بدەن و لەبەردەم خەڵک و لە شوێنی ئەنجامدانی تاوانەکەی لە سێدارەی بدەن .
اژانسی هەواڵی نیشتیمانی عێراق دانپێدانانی ( ئەحمەد حەمداوی عوید معارج کینانی) بکوژی هیشام هاشمی پسپۆری ئەمنی عێراقی بڵاوکردەوە .
بە گوێرەی ئاژانسی ھەواڵی عێراقی، کینانی لە دایکبووی ساڵی ١٩٨٥ و سەر بە گروپێکی یاخی و لە یاسا دەرچووە .
ئەوەی جێگەی شۆک بووە لە دانپێدانەکانی کینانیدا ئەوەیە کە ، لە ساڵی ٢٠٠٧ لە دەزگای پۆلیس دامەزراوە و پلەکەی ملازمی پلە یەک بووە لە وەزارەتی ناوخۆیی عێراق .
ئەوەش لە کاتێکدایە، دوانیوەرۆی دوێنێ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند، بکوژانی ھیشام ھاشمیان دەستگیر کردووە .
ھیشام ھاشمی لێکوڵەری بەناوبانگی سیاسی و نوسەرو شیکەرەوەیەکی بە توانای عێراقی بوو، لە بواری گروپە چەکدار و ئیسلامییەکان ، بە تایبەت دۆخی سەربازی گروپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی .
ھیشام ئەھاشمی ڕۆژی ٦ تەموزی ٢٠٢٠، لە ناوچەی زەیونەی بەغداد لە کاتی گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە لە لایەن چەند چەکدارێکەوە کە ماتۆرسلیلێکیان پێبوو، درایە بەر دەستڕێژی گولـلە و تیرۆر کرا.