سۆرانی  |  بادینی  |  English      

"دەزگای زانیاری ـ دەباشان، پێنچ کەس لەبنەماڵەی شەهیدان و ئەنفالکراوانی گەرمیان دەڕفێنێت"

  2021-07-30  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لەراگەیەندراوێکدا کەبنەماڵەی رفێندراوەکان بڵاویان کردوەتەوە ئاشکرایدەکەن کە ھێزێکی دەزگای زانیاری ـ دەباشان،شەوی ۲۷لەسەر ۲٨ی ۷ی۲۰۲۱ بەفەرمانی ڕاستەوخۆی بافڵ تاڵەبانی ھەڵیانکوتاوەتە سەرماڵێک لەشاری قەیوان لەنزیک گەڕەکی ڕاپەرینی شاری سلێمانی و ئەو پێنچ کەسەیان ڕفاندوە.

دەقی بەیاننامەی کەسوکاری ڕفێندراوەکان:

بانگەوازێکی بەپەلە

بۆ بەڕێزان

- سەرۆکایەتی پارلەمانی کوردستان

سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان

- سەرۆکایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان

-دەسەڵاتی دادوەری

- سەرجەم ھێزە یٔەمنییەکان

- سەرجەم دەستە و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ

- سەرجەم کونسوڵخانەکان لە ھەرێمی کوردستان و باڵیۆزخانەی وڵاتانی جیھان لە عێراق

- نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق.

- رایگشتی.

شەوی ٢٨لەسەر٢٩ی ٧ی ٢٠٢١، ھێزێکی ئەمنی لە شاری سلێمانی سەر بە دەزگای زانیاری و بە فەرمانی راستەو خۆی سەرۆکی دەزگاکە وبە ئاگاداری (بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی)، و بە (٥٠) ئۆتۆمبێلی سەربازی و چەکی سوک و قورسەوە ھەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەمان لە قەیوان سیتی لە گەڕەکی ڕاپەرینی شاری سلێمانی و بە شێوەیەکی زۆر نا مرۆڤانە و دوور لە ھەموو یاسا و رێسایەک (٥) کەسی خێزانەکەمانیان  رفاندوە بە ناوەکانی(بینای نەبەرد، سەرمەد محمد، دێراو عومەر، دیار ھیجران ، سامان عومەر) و تا ئێستا چارەنوسیان نادیارە، لە کاتێکدا ئەو کەسانەی لە لایەن ئەو چەکدارانەوە رفێندراوون، ھیچ سکاڵا و تۆمەتێکیان لەسەر نیە و سەرجەمیشیان کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و ئەنفالکراوانی گەرمیانن.  

ئێمە وەک بنەماڵە و کەسوکاری ئەو رفێندراوانە لە رێگەی ئەم بانگەوازەوە داوای ئازادکردنیان دەکەین و داواکاریشین سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان بەزووترین کات بێنە سەر خەت و رێگە لەم رەشبگیریە بگرن کە لە شاری سلێمانیدا دەگوزەرێت، لە ئێستادا مەترسی لە سەر ژیان و گوزەرانی ھاوڵاتیان لە یٔارادایە و ئەو گروپ و تاقمەی کە ئێستا لەو دەزگایە دەستبەکاربوون بە ناوی چاکسازییەوە کەوتونەتە تەسفیەی سیاسی و شەخسی و ھەر کەسێکیان بوێت بێ سەروشوێنی دەکەن.

ھەر لێرەوە ھەموو لایەکیش ئاگادار دەکەینەوە ژیانی ئەو کورانەی ئێمە لە ئەستۆی دەزگای زانیاری و بە دیاریکراوی سەرۆکی دەزگاکە و بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی دایەو و داواکارین بە زووترین کات ئازادیان بکەن.بە پێچەوانەوە ھەموو رێکارێکی یاسایی و مەدەنی لە ناوخۆ و دەرەوە دەگرینە بەر. 

 لەگەڵ رێزدا.