وه‌زاره‌تی دارایی: نرخی شتومەك له‌ بازاڕه‌كانی هه‌رێم هه‌رزان ده‌بێت

  2023-03-06  | 
دۆسیە:  نرخی دۆلار
 تۆڕی هەواڵی ژیان
به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی وەزارەتی‌ دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، سەرجەم دامەزراوەکانی‌ حکومەت پابەندکراون بە بڕیاری‌ کەمکردنەوەی‌ بەهای‌ دۆلارەوە و بەڕێوەبەری‌ گشتی‌ گومرگی‌ هەرێمیش دەڵێت: "بڕیارەکە کاریگەریی لەسەر نرخی‌ کەلوپەل دەبێت لە بازاڕدا".

ھونەر جەمال، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی ھەرێمی كوردستان، راگەیاند: "پاڵپشت بە نووسراوی بانکی ناوەندیی عێراق، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، سەرجەم وەزارەت و دامودەزگاکانی حكوومەت پابەند دەکات، کە بە نرخی بانکی ناوەندیی عێراق مامەڵە بە دراوی دۆلار بكەن، كە بۆ هەر 100 دۆلارێك 130 هەزار دینارە."

وتیشی‌: "بازرگان و کۆمپانیاکان ئێستا بۆ هەر 100 دۆلارێک 15 هەزار دینار کەمتر دەدەن و بڕیارەکە رەسمی گومرگی کاڵاکان لەسەر بازرگان و کۆمپانیاکان بەرێژەی یەک لەسەر هەشت کەمدەکاتەوە و جەختیشیکردەوە کە بەم بڕیارەی‌ وەزارەتی‌ دارایی، کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی نرخی کاڵا و کەلوپەل و خۆراک دەبێت".

جەختیش دەكاتەوە، كاتێك لە هەر 100 دۆلارێك 15 هەزار دینار كەمتر ئەژمار دەكرێت، ئەوە كاریگەریی خۆی دەبێت، وتیشی: "لە كاروبارەكانی وەزارەت و دامودەزگاكان و باج، هەموو مامەڵەكان بە دینارن، بۆیە ئەو بڕیارە رەنگدانەوەی زیاتری لەسەر بواری گومرگ دەبێت، ئەوەش پەیوەندیی راستەوخۆی بە بازاڕ و ژیانی خەڵكەوە هەیە."





ڕیکلام