بڕیارە ئەمڕۆ تەرمی ئەو نۆ شەڕڤانەی هەسەدە بەخاک بسپێردرێن، کە لە رووداوی کەوتنەخوارەوەی دوو هێلیکۆپتەرەکەی هەسەدە لە سنوری دهۆک شەھیدبوون.
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، ئەمڕۆ رێوڕەسمێکی ناوەندی و سەربازی بۆ بەخاکسپاردنی نۆ شەڕڤانی یەکەی دژەتیرۆر ئەنجامدەدەن.
راشیگەیاندووە، رێوڕەسمەکە لە سەعات ١١ لە حەسەکە دەستپێدەکات و وەفدی رەسمی لە هەموو ناوچەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و هاوبەشەکانیانیان لە شەڕی دژی تیرۆر بەشدار دەبن.
هەسەدە لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا، داوادەکات وەک وەفایەک بۆ ئەو شەهیدانە کە بۆ پاراستنی هەموو پێکهاتەکانی ناوچەکە گیانی خۆیان بەختکردووە، بە ڕۆحیەتێکی نەتەوەیی و یاخیبوون بەشداری رێوڕەسمی ماڵئاوایی شەھیدان بکەن.
رۆژی ١٥ی ئەم مانگە بەهۆی رەوشی کەشوهەوا دوو هێلیکۆپتەر لە ناوچەی چەمانکێ لە سنوری پارێزگای دھۆک کەوتنەخوارەوە و بەهۆیەوە نۆ شەڕڤانی هەسەدە شەهیدبوون، کە یەکێکیان شەڕڤان کۆبانێ فەرماندەی یەکینەکانی دژەتیرۆر بوو.