عەلی باپیر: شکاندنی شکۆی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان، هۆکاری پووکانەوەی هەرێم و بێ ئیعتیبارکردنیەتی

  2023-05-23  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان سەبارەت بەدۆخی ئێستای سیاسی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەدات و دەڵێت، "شکاندنی شکۆی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان، هۆکاری پووکانەوەی هەرێم و بێ ئیعتیبارکردنیەتی و، شیعاری بێ کرداریش دادی کەس نادات و، هیچ دەردێک چارەسەر ناکات".

دەقی پەیامی عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان:

دۆخی ئێستای هەرێم و چەند هۆشدارییەک  بۆ هەموو لایەک

١- شکاندنی شکۆی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان، هۆکاری پووکانەوەی هەرێم و بێ ئیعتیبارکردنیەتی و، شیعاری بێ کرداریش دادی کەس نادات و، هیچ دەردێک چارەسەر ناکات.

٢- پێویستە بۆ مانەوە و بەردەوامیی هەرێم، هەموومان پابەندی پڕەنسیپ و یاسایەکان بین و، هیچ لایەنێک پەرلەمان و حکوومەت بە هی خۆی و حیزبەکەی نەزانێ، چونکە لە ئەسڵدا هەرێم و دامەزراوەکانی هی هەموو خەڵکین.

٣- سەپاندنی دۆخێکی تایبەت بەسەر هەرێمدا، دژی بنەمایەکانی تەبایی و پێکەوە ژیان و، سازانی نیشتمانیی و، ڕێز لەیەکدی گرتنەو، هیچ بەرهەمێکی چاکی لێ ناچنرێتەوە.

٤- کەواتە: با عیبڕەت و پەند لە هەڵەکانی ڕابردوومان و شێوەی ئیدارەدانی خراپی وڵاتمان وەربگرین و، چیدی خۆمان ئیحڕاجی ئەملاولا نەکەین و، بزانین کە بەبێ ڕێککەوتن و سازانی نیشتمانیی، لەسەر چۆنیەتیی هەڵبژاردن و، هەموارکردنی یاسایەکەی و، کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن، کە هیچ گومانێک هەڵنەگرێ، هیچ چارەیەکی دیکەمان نیە و، گوتراویشە : (ومن چاق بە العدل فالجور علیە ڕچیق)، هەرکەس بە دادگەریی سەغڵەت ببێ، بە ستەم، زۆر سەغڵەتتر دەبێ.

عەلی باپیر
سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی


ڕیکلام