هونەرمەندی گۆرانیبێژی دیاری کورد بەهجەت یەحیا بەرهەمێکی نوێ بەناوی "کەشێکی رۆحانی" کە لەئاواز و هۆنراوەی خۆیەتی بڵاودەکاتەوە.
ئەو هونەرمەندە لەئەکاونتی خۆی سەبارەت بە بوبوونەوەی ئەو بەرهەمە نوێیەی نوسیویەتی، خۆشەویستانم، ئێوە نیشتمانی ڕۆحی منن، هەموو جارێک کە گۆرانیەک تەواودەکەم و بڵاوی دەکەمەوە، وادەزانم ئیتر ئەوە دواجارە و هەرگیز ناتوانم جارێکیتر ئاواز و هۆنراوەی نوێ دابنێم، بەڵام خۆشەویستیی ئێوە بەردەوام وەکو کانیەکی سازگار دەڕژێتە ناخمەوە و ناهێڵێ ببم بەبیابان، ناهێڵێ ڕۆحی تینووم بەبێ نازی لە کونجێکی ئەم دنیایەدا بخنکێ، ئەوە سۆز و وشە جوانەکانەکانی ئێوەیە باڵی پێبەخشیووم، بۆئەوەی بەناو ئەندێشەدا بفڕم، هەتا بتوانم ئەوین و جوانیی پێکەوە بهۆنمەوە و بیکەم بە گۆرانیەکی نوێ.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ڤینۆ ستۆدیۆ سەرقاڵی گۆرانیەکی نوێین، بەو هیوایەی بەم نزیکانە بتوانین کاری تۆمارکردنەکەی تەواوبکەین و بەکلیپ بڵاویبکەینەوە، کاری موزیک و دابەشکردن و تۆمارکردنی لەلایەن هونەرمەند کاک ئارام سەردارەوە کراوە، شایەنی باسە کە هەرچەندە گۆرانیەکە لەسەر مقامی سێگایە، بەڵام ئەو توانیویەتی بەشێوەیەکی زانستی دابەشکردنی هارمۆنیی بۆ بکات.