تەندروستیی سلێمانی ھۆشداری لە زیادبوونی حاڵەتەکانی سکچوون و رشانەوە دەدات

  2023-08-27  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
حاڵەتەکانی سکچوون و رشانەوە بەشێوەیەکی بەرچاو لە سلێمانی زیادیانکردووە و تەندروستیش ھۆشداری دەدات و دەڵێت، گومانی بڵاوبوونەوەی کۆلێرای لێدەکرێت، بڕیاردراوە ھەموو جۆرە سەوزە و ماستاوێک لە چێشتخانە و خواردنگە و شوێنە گشتییەکان قەدەغەبکرێت.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی رایگەیاند، حاڵەتەکانی سکچوون و رشانەوە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و گومانی بڵاوبوونەوەی کۆلێرای لێدەکرێت و سەرجەم تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتییان لەئیستادا پشکنین و بەدواداچوون بۆ حاڵەتەکان دەکەن.

تەندروستیی سلێمانی داوا لە ھاووڵاتیان دەکات خۆیان بەدووربگرن لە بەکارھێنانی ئەو ئاوەی لە سەرچاوەکەی دڵنیانین و تەنھا ئەو ئاوەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانییەوە دابیندەکرێت و ئاوی بتڵکراوەکان، کە لە ژێرچاودێریی تیمەکانی تەندروستیدا کاردەکەن، بەکاربھێنن.

ئاشکراشیکرد، بڕیاردرا بە قەدەغەکردنی سەوزە و ماستاو لە چێشتخانە، خواردنگەکان و شوێنەگشتییەکاندا، تەنیا رێگە بە بەکەرھێنانی ماستاوی لە قتوونراو دەدرێت.


بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی داوا لە ھاووڵاتیان دەکات پابەندی رێنماییە خۆپارێزیەکان بن و دڵنیایی دەدات ھەموو ئامادەکارییەکی تەواویان کردووە بۆ ھەر ئەگەرێک لە زیادبوونی حاڵەتەکان.


ڕیکلام