وتەبێژی پارتی: بارودۆخی عێراق و ناوچەکە بەجۆرێک شێواوە کە پێشبینی هەژانێکی گەورە دەکرێت

  2023-11-16  | 
دۆسیە:  پارتی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مەحموود محەممەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوە دەدات"دوا بڕیاری دادگای فیدراڵی عێڕاق لەبارەی لادانی سەرۆکی دەسەڵاتی یاسادانان کە ئاڵۆزییەکان زیاتر و قوڵتر دەکاتەوە".

دەقی راگەیەندراوەکە:

بارودۆخی عێراق و ناوچەکە بەجۆرێک شێواوە کە پێشبینی هەژانێکی گەورە دەکرێت، لەم دۆخەدا بەرپرسیاریەتی سەرشانی سەرجەم هێز و لایەنە عێراقییەکان بەگشتی و، لایەنە پێکهێنەرەکانی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەتە بەتایبەتی، وردتر هەڵسەنگاندن بۆ ڕەوشەکە بکەن بەتایبەتی رووداوی دوا بڕیاری دادگای فیدراڵی عێڕاق لەبارەی لادانی سەرۆکی دەسەڵاتی یاسادانان کە ئاڵۆزییەکان زیاتر و قوڵتر دەکاتەوە ئەمە لەکاتێکدا چاوەڕوانییەکان ئەوەبوون ئەو ئاڵۆزی و کێشانەی کە هەن چارەسەر بکرێن نەک بابەتی زیاتریان لەسەر کەڵەکەبکرێت بەجۆرێک کە ئاشتی کۆمەڵایەتی و سەقامگیری دەخاتە مەترسییەوە.

پارتیمان، بە پەرۆشەوە لە ڕەوشەکە دەڕوانێت و نیگەرانی دواین پەرەسەندنە سیاسییەکانین، بۆیە بە پێویستی دەزانین دۆخی عێراق لە ڕووی سیاسی، ئەمنی، ئابووری و، ئەگەرە چاوەڕوانکراوەکانی ناوچەکەوە لەبەرچاوبگیرێت و، بەرپرسیارانە هەنگاو بنرێت بۆ ڕێکخستنەوەی بارودۆخەکە لە ڕوانگەی دەستووری هەمیشەیی و، جێبەجێکردنی ماددە و بڕگەکان و پڕنسیپەکانی ڕێککەوتنی ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەت و کارنامەی حکومەتی فیدراڵی، بە تایبەتی بڕگەکانی پەیوەست بە ئەنجوومەنی فیدراڵی و دادگای فیدراڵی هەروەها بگەڕێینەوە بۆ بنەماکانی بونیاتنانی عێڕاقێکی نوێ (شەراکەت، تەوافق، تەوازن) و سەروەری دەستوور بچەسپێنرێت کە تاکە زامنی پێکەوەژیان و سەقامگیری و پێکەوەیی عێراقە.

 


ڕیکلام