وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان: له‌ چاوه‌ڕوانی ناردنی نه‌وتی سپی حكومه‌تی عێراقداین

  2023-11-21  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاند، نوسراوی فه‌رمیان بۆ حكومه‌تی عێراق كردوه‌ به‌مه‌به‌ستی ناردنی به‌شه‌ نه‌وتی سپی، تاوه‌كو ئێستاش پشكی هه‌رێم ره‌وانه‌ نه‌كراوه‌، به‌ڵام به‌نرخی پاڵپشتیكراو زیاتر له‌ 116 ملیۆن لیتری سپیان دابه‌شكردوه‌.

وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، "له‌ئه‌مڕۆوه‌ له‌ ڕێگه‌ی تیمه‌كانی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی نه‌وت و كانزاكانی هه‌ولێره‌وه‌ ده‌ستیان به‌ دابه‌شكردنی نه‌وتی سپی له‌ناو سه‌نته‌ری شاری هه‌ولێر كردوه‌".

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان له‌ چاوه‌ڕوانی ناردنی نه‌وتی سپی حكومه‌تی عێراقدایه‌ و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ چه‌ندین نوسراوی ئاراسته‌ی لایه‌نی په‌یوه‌ندار كردوه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق  ئاماده‌باشی ده‌ربڕیوه‌، به‌ڵام  تا ئێستا پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌ نه‌وتی سپی نه‌گه‌یشتوه‌ته‌ هه‌رێمی كوردستان

باسی لەوەشکردووە، وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان له‌ڕێگای هه‌وڵه‌كانی و به‌ پاڵپشتیی ته‌واوی سه‌رۆكی حكومه‌ت توانراوه‌ به‌ نرخی پاڵپشتیكراو تاوەكو ئێستا زیاتر له‌ 116 هه‌زار و 209 ملیۆن لیتری نه‌وتی سپی دابین كردوه‌ و به‌سه‌ر 581 هه‌زار خێزان دابه‌شی كردوه‌.