سۆران عومەر: نامەی دەستلەکارکێشانەوەم لەپەرلەمان پێشکەش دەکەم

  2020-07-14  | 
سۆران عومەر
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سۆران عومەر ڕایگەیاند، سبەی نامەی دەستلەکارکێشانەوەی لە پەرلەمان پێشکەش دەکات

 سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، کاتژمێر ١١ی پێش نیوەڕۆ لەنوسینگەی سلێمانی پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ھۆکارەکانی دەستلەکارکێشانەوەکەی بۆ ڕای گشتی دەخاتە ڕوو.

ڕۆژی ٧ی ئایاری ڕابردوو بە دەنگی ٥٧ پەرلەمانتار پارێزبەندی لەسەر سۆران عومەر ھەڵگیرا، بەڵام ھەریەک لە فراکسیۆنی یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو و چەند فراکسیۆنێکی تر بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد .

ھەروەھا سەرۆکی پەرلەمانیش بەشداری دانیشتنەکەی نەکرد و ڕایگەیاند، ئیمزا لەسەر بڕیاری ھەڵگرتنی پارێزبەندیەکە ناکات.

دواتر  سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بڕیاری ھەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر سۆران عومەر ھەڵوەشاندەوە و بڕیارەکەش کاردانەوەی توندی فراکسیۆنی پارتی لێکەوتووەتەوە.

لە کۆتایی مانگی ڕابردووشدا وەزیری داد لە وەڵامی نوسراوەکەی سەرۆکی پەرلەمان لەبارەی ھەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر سۆران عومەر ڕایگەیاند، بڕیارەکە پێچەوانەی رێسای گشتی  پلەبەندی یاسایی دەرچووە، بۆیە لە رۆژنامەی وەقائقی کوردستان بڵاوناکەینەوە.

ڕۆژی یەکشەممەش ١٢ی٧ی٢٠٢٠،  دادگای لێکۆڵینەوەی ھەولێر فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی کۆمەڵ دەکرد.

محەمەد حەکیم کارگێری ئەنجومەنی سیاسی کۆمەڵی ئیسلامی دوێنێ لەسەر بڕیاری دەستگیرکردنی سۆران عومەر ڕایگەیاند، ئەو بڕیارە بە پلەی یەکەم بێ ڕێزییە بۆ سەرۆکی پەرلەمان.

محەمەد حەکیم کارگێڕی کۆمەڵی ئیسلامی لەسەر بڕیاری دەستگیرکردنی سۆران عومەر وتیشی، پێموایە حەقی خۆیەتی ھەموو حزبەکان دۆخەکە تەسلیمی پارتی بکەن، چونکە ھەموو شت بەدەستی ئەوە، ئیدی بەشداری برادەرانی تر لە حکومەت پای چی!



ڕیکلام