بە فەرمانی كازمی سەرجەم دەروازە سنورییەكانی باشوری عێراق كۆنترۆڵكران

  2020-07-15  | 
دەروازەی سنوری شەلامجە لەگەڵ ئێراندا لە باشووری عێراق
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق رایگەیاند، بە فەرمانی سەرۆك وەزیرانی عێراق هێزی سەربازیی پیادە و دەریایی كۆنترۆڵی دەروازە وشكانی و دەریاییەكانیان لەگەڵ ئێران و كوەیت و ناوچەی كەنداو كرد .

لە بەیاننامەیەكدا فەرماندەییەكە بڵاویكردەوە، هاوكات لەگەڵ سەردانەكەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ بەسرە، هێزەكانی ئۆپراسیۆنی بەسرە دەستیگرتووەتەوە بەسەر سەرجەم دەروازەكانی شەلامجە لەگەڵ ئێران و دەروازەی سەفوان لەگەڵ كوەیت .

هاوكات هێزی دەریایی عێراقیش لەسەر گەنداو ڕاسپێردراوە بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی بەندەرەكانی ئوم قەسر كە دەكەوینە باكور و ناوەڕاست و باشوری قەزاكەوە لەسەر ئاوی كەنداو .

لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە، سەرجەم ئەو هێزانە دەستكراوە كراون بۆ سەپاندنی دەسەڵاتیان بەسەر دەروازە سنورییەكان و سەپاندنی یاسا و ڕێنماییەكان و مامەڵەكردن لەگەڵ هەر سەرپێچییەك یان پێشێلكارییەك، لە لایەن هەر لایەك و كەسێكەوە بێت و هیچ نەرمییەكی لەگەڵدا پەیڕەو ناكرێت، بەڵكو هەیبەتی دەوڵەتی بەسەردا دەسەپێنرێت لە هەر پلەو پایەیەكدا بێت .

فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان ئاماژە بەوەشكردووە، فەرماندەییەكەیان بەردەوام دەبێت لە چالاكییەكانی تا دەسەڵاتی خۆی بەسەر هەموو دەروزاە سنورییەكاندا دەسەپێنێت لەگەڵ وڵاتانی هاوسێدا .

هەر ئەمڕۆ كازمی فەرمانیكردووە بە پاراستنی پێگەش گومرگی لە بەندەرەكان لە لایەن هێزێكی سەربازیی تایبەتەوە و ڕێگری بكرێت لە هەر هێزێك بیەوێت  بە زۆر بێتە بەندەرەكانەوە .

ئاماژەی بەوەشكردووە، دەبێت سنورێك بۆ مانەوەی فەرمانبەر لە شوێنەكەی دابنرێت بە خولی گۆڕانكاری بە پۆست و ئەركەكانیاندا بكرێت، بۆ ئەو مەبەستەش هەموا دەخرێنە ژێر چاودێرییەوە و زانیاری تەواویشیان هەیە لەسەر گەندەڵكاران لە ناوچەی بەندەرەكان و بەم نزیكانە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت .



ڕیکلام