كازمی: چیتر ڕێگە نادەين گەندەڵكاران دەروازەسنورییەكان بۆ سودی خۆیان بەكاربهێنن

  2020-07-12  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختیكردەوە، حكومەت بەردەوام دەبێت لەكاركردن بۆ ئەوی گەندەڵكاران نەتوانن دەروازە سنورییەكان بۆسودی خۆیان بەكاربهێنن .

لە بەیاننامەیەكدا ئەمڕۆ نوسینگەی كازمی بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ مستەفا كازمی فەرماندەی گشتی هێزەچەكدارەكان  سەرۆكایەتی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزاری ئاسایشی نیشتیمانی كردووە و چەندین دۆسیەی گەرمی سەر گۆڕەپانی عێراقی تیا تاوتوێ كراوە .

بەیاننامەكە ئاماژەی كردووە بەوەی، كازمی لە كۆبوونەوەكەدا باسی ئەنجامی سەردانەكەی كردووە بۆ دەروازەی سنوری مەندەلی و ئەو ڕێوشوێنانەی كە گیراونەتە بەر، بە ئامانجی گەشەپێدان و زیندووكردنەوەی دەروازە سنورییەكان و دژایەتیكردنی گەندەڵی لە سەرجەم دەروازە سنورییەكاندا .

لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكەدا نوسینگەی كازمی ئاماژەی بەوەكردووە، سەرۆك وەزیران جەختیكردەوە لەوەی حكومەت سورە لەسەر كاركردن بۆ ڕێگریكردن لە گەندەڵكاران، كە نەتوانن دەروازە سنورییەكان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەكاربهێنن و گەشەی تەواویان پێ دەدەن .

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی باسی پێشێلكارییەكانی سوپای توركیا كراوە بۆ ناو خاكی عێراق و جەختكراوەتەوە لە بەردەوامی گفتوگۆی دیپلۆماتی لەگەڵ توركیا، بە ئامانجی وەستاندنی دەستدرێژی پێشێلكارییەكان بۆ سەر سەروەریی عێراق .

جەختیشكراوەتەوە لەوەی ئەو ئۆپراسیۆنانەی توركیا زیان دەگەیەنێت بە پەیوەندییە تۆندوتۆڵەكانی نێوان هەردوو وڵات و زیانیش دەگەیەنێت بە ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان .

وەك لە بەیاننامەكەدا ئاماژەی پێكراوە، لە كۆتایی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی عێراقدا، باس لە بابەتی خۆپیشاندانەكان و پێویستی پارێزگاریكردن لە ئاشتیانەی خۆپیشاندانەكان كراوە، بەشێوەیەك كە بگونجێت لەگەڵ ئازادی ڕادەبڕین و سەروەریی یاسا و شكۆی دەوڵەت، هەروەها باس لە دۆسیەی كارە تیرۆركارییەكان و پەلەكردن لە ئاشكراكردنی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان كراوە، بە تایبەت ئەوانەی لەم دواییەدا ڕوویان داوە و ئاشكراكردنی ناسنامەی تاوانكاران و هیچ نەرمییەك نەنوێنرێت لەوەی كە دەبێت تۆڵەی خۆیان وەربگرنەوە لەسەر ئەو كارانەیان .



ڕیکلام