پارێزگای ئەهوازی ئێران خۆپیشاندان و ناڕەزیی فراوانی بەخۆیەوە بینی

  2020-07-17  | 
سەدان هاوڵاتی بە شارەكانی كەنكان و مەعشوری هەرێمی ئەهواز ڕژاونەتە سەر شەقامەكان
دۆسیە:  ئێران
 تۆڕی هەواڵی ژیان
جارێكی تر خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان لە شارەكانی ئێران سەریانهەڵدایە و ئەمڕۆش لە چەند شارێكی هەرێمی ئەهوازی باشوری ئێران خۆپیشاندانی هاوڵاتیان دەستی پێكردەوە .

بە گوێرەی ئەو تۆمارە فیدیۆییانەی كە  چالاكانی ئێرانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاویانكردووەتەوە، بە سەدان هاوڵاتی بە شارەكانی كەنكان و مەعشوری هەرێمی ئەهواز ڕژاونەتە سەر شەقامەكان و هوتاف دژی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە دەڵێنەوە .

دەسەڵاتدارانی ئێران دانیان ناوە بە دروستبوونی خۆشپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان و لەو بارەیەوە پۆلیسی ئێران ڕایگەیاندووە، بەهێز بڵاوەی بە خۆپیشاندەران كردووە لە ناوچەكانی باشوری خۆرئاوای وڵات، كە بەهۆی خراپی دۆخی ئابورییەوە بەرپایان كردووە و چەندین دروشمی پێچەوانەی ڕێنمایی و یاساكانی وڵاتیان دووپاتكردووەتەوە .

چالاكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان باس لەوە دەكەن، خۆپیشاندەرانی شاری مەعشور ڕێگا سەرەكییەكانیان داخستووە و لە شاری كەنكانیش خۆپیشاندەران هوتاف لە دژی سیاسەتە شكستخواردووەكانی ئێران دەڵێنەوە و داوای دەستلەكار كێشانەوەی حەسەن ڕۆحانی سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە دەكەن .

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری چەند شایەتحاڵێكەوە بڵاویكردەوە، ژمارەیەكی زۆر خۆپیشاندەر لە شاری بەهبەهای پارێزگای حوزستانی باشوری ئێران دەستگیر كراون .

بە گوێرەی ئەو تۆمار فیدیۆییانە بە سەدان هاوڵاتی ئێرانی دروشم دژی دەسەڵاتدارانی ئێران دووپات دەكەنەوە و دەڵێن "ناب ۆ غەزەو  ناب ۆ لوبنان، رۆحمان گیانبەختی ئێران" ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ ئەو كۆمەكە داراییانەی ئێران كە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە ڕەوانەی دەكات بۆ میلیشا چەكدارەكانی لوبنان و هاوڵاتیانی خۆی لێ بێبەری دەكات .

هێزە ئەمنییەكانی ئێران بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەران گازی فرمێسكڕێژیان بەكارهێناوە، بەڵام خۆپیشاندەران دروشمی " مەترسن مەترس هەموومان پێكەوەین" یان دووپاتكردووەتەوە .

لە لایەكی ترەوە دەزگای هەواڵگری سەر بە سوپای پاسدارانی لە شاری خوراسانی باشوری ئێران لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردەوە، ژمارەیەك خۆپیشاندەریان بە تۆمەتی هاندانی خەڵك بۆ خۆپیشاندان لە شەقامەكان دەستگیر كردووە .

دەستپێكردنەوەی خۆپیشاندانەكان لەو هەرێمە لە كاتێكدایە، ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لەڕێگەی ئینتەرێتەوە كۆنگرەیەكی گەورەیان سازكردووە و داوای ڕوخانی دەسەڵاتی ئێران دەكەن .

لە لایەكی دیكەوە ماڵپەڕی "نیتبلوكس" كە چاودێری جموجوڵی ئینتەرنێت دەكات لە جیهاندا ئاماژە بەوە دەكات، گەیشتن بە تیۆڕی ئینتەرنێت لە ئەهواز قورسە و بۆ ماوەی 3 كاتژمێر كە هاوكات بووە لەگەڵ كاتی بەرپابوونی خۆپیشاندانەكان تێكچووە .



ڕیکلام