قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران لەگەڵ یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی توركیا كۆبووەوە و پێكەوە پرسی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی و چەند بابەتێكی دیكەی جێی بایەخی هەردوولایان تاوتوێكرد.
لە كۆبوونەوەكەدا كە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەمە، لە هەولێر بەڕێوەچوو، وەزیرانی پێشمەرگە و پلاندانان و جێگری لێپرسراوی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە و باڵیۆزی توركیا لە عێراق ئامادەیبوون، پەیوەندییەكانی توركیا لەگەڵ هەرێمی كوردستان و پتەوكردنی ئەو پەیوەندییانە بە شێوازێك كە خزمەتی زیاتر بە هەردوولابكات خرانە بەرباس.
دۆسیەی ئەمنی و دۆخی سەقامگیریی عێراق و هەرێمی كوردستان تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە بوو، لەوبارەیەوە بیروڕا ئاڵوگۆڕكرا و جەختكرایەوە لەسەر گرنگی پاراستنی سەقامگیری و رێزگرتن لە سەروەریی خاكی هەردوو وڵات.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا باسی پرسی داخستنی ئاسمانی توركیا بەڕووی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی كراو لەمبارەیەوە جێگری سەرۆك وەزیران داوای چارەسەركردنی ئەو كێشەیەی كرد.