شارەزایەکی ئابووری زانیاری مەترسیدار لەسەر کەم بوونەوەی داهاتی مانگانەی عێراق دەخاتەڕوو دەڵێت، " وەزارەتی دارایی عێراق لە دوو مانگی داهاتوودا کێشەی دابینکردنی موچەی دەبێت".
نەبیل مەرسومی- شارەزای ئابوری عێراق رایدەگەیەنێت: دابەزینی نرخی بەرمیلێک نەوتی عێراق بۆ ٧٠ دۆلار بەواتای چی دێت؟
ئاماژەی بەوەشداوە: دابەزینی نرخی نەوت بۆ ٧٠ دۆلار لەگەڵ دابەزینی ھەناردەی نەوتی عێراق بۆ (٣ ملیۆن و ٣٠٠ ھەزار) بەرمیل لە رۆژێکدا، دەبێتە ھۆی پاشەکشێی داھاتی مانگانەی نەوت بۆ (٩ ترلیۆن) دینار، لەمە (١ ترلیۆن) دیناری دەڕوات بۆ خەرجی کۆمپانیا نەوتییەکان و (٨ ترلیۆن) دیناری دەمێنێتەوە، ئەوەش ھەر بەشی موچە دەکات بە ھەموو جۆرەکانییەوە کە دەگاتە (٧ ترلیۆن و ٥٠٠ ملیار) دینار لە مانگێکدا، لەکاتێکدا نیو ترلیۆن دینار بۆ کۆبونی خۆراک دەڕوات و خەرجییەکانی تری بەکاربردن و وەبەرھێنان لە داھاتە نانەوتییە کەمەکان و قەرزی دەرەکی و ناوخۆیی پارەدار دەکرێت.
ئەو شارەزایە باسی لەوەشکردوە: باج و رسوماتەکان بەرزدەبنەوەو قەرزەکان زیاد دەبن، ئیتر یەدەگی دراوی بیانی لە بانکی ناوەندیی عێراق دەست بە دابەزین دەکات، چونکە یەکەم و کۆتا بەربەستە لەبەر رۆشنایی ئەوەی عێراق هیچ سندوقێکی سیادی نییە، وەزارەتی دارایی لە دوو مانگی داهاتوودا بەدەست دابینکردنی موچەوە دەناڵێنێ، بۆیە پێشبینی دەکرێت موچە دوابکەوێت، رەنگە کەمیشبکرێتەوە ئەگەر نرخی بەرمیلێک نەوت لە ماوەی ٦ مانگدا لە ٧٠ دۆلاردا بمێنێتەوە.