نوێنەری پێکهاتەی تورکمان بۆ دادگای فیدراڵی: بڕیارێک بدەن لەگەڵ خواستی ئێمە نەگونجێت هەڵوێستمان دەبێت

  2024-02-11  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
نوێنەری پێکهاتەی تورکمان لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت “تەمەنا دەکەین دادگای فیدراڵی بڕیارێکی عادیلانە بدات لەسەر کورسی پێکهاتەکان، بەتایبەت پێکهاتەی تورکمان “.


سارا دڵشاد نوێنەری پێکهاتەی تورکمان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بە سایتی فەرمی پارتی رایگەیاندوە، “تەمەنا دەکەین دادگای فیدراڵی بڕیارێکی عادیلانە بدات لەسەر کورسی پێکھاتەکان، بەتایبەتی پێکهاتەی تورکمان”.

ئاماژەی بەوەشداوە، “  بێبەش کردنی پێکهاتەیەکی سەرەکی و ڕەسەنی هەرێمی کوردستان پرۆسەی دیموکراسی دەخاتە ژێر پرسیارەوە و  ئێمە چاوەڕێی بڕیاری دادگاین و پێش ڕووداوەکە ناکەوین، بەڵام ئەگەر بڕیارێک بدرێت لەگەڵ خواست و مافەکانمان نەگونجێت ئەوە بێگومان هەڵوێستمان دەبێت و ئەوکات بە ئاشکرا هەڵوێستەکەمان ڕادەگەیەنین.

ئەو ئەندامەی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان باسی لەوەشکردوە، “ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق جارێکی تر دانیشتنی هەیە سەبارەت بەو سکاڵا یاساییەی کە یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لەسەر (٥) ماددەی یاسای هەڵبژاردن تۆماریکردووە، دانیشتنەکانی دادبینی لەسەر ئەم سکاڵایە بەو ئاڕاستەیە دەڕوات سیستمی هەڵبژاردنی کوردستان لە یەک بازنەییەوە بکرێت بە فرەبازنە، ئەمە لەگەڵ دەستکاریکردنی کورسی "کۆتا"ی پێکھاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان کە (١١) کورسییە”.

زیاتر لە (٨) مانگە ئەم سکاڵایە لەبەردەم دادگای فیدراڵیدایەو یەکلانەکراوەتەوە، یەکلانەبونەوەی سکاڵاکە بۆ جاری سێیەم بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی لە شوباتی ئەمساڵدا دواخست و ئەگەر ئەمڕۆش جارێکی تر دادگا بڕیاردان دوابخات، مەترسی لەسەر ئەوە دروست دەبێت هەڵبژاردن لەمساڵدا نەکرێت.


ڕیکلام