سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، هێرشەکانی سوپای وڵاتەکەی لە وەڵامی کوژرانی سێ سەربازەکەیان لە ئوردن، لە عێراق و سوریا کۆتایی نەهاتووە و بەردەوام دەبن.
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکردووە، لەماوەی رابردوودا چەند هێرشێکیان لە سوریا و عێراق ئەنجامداوە وەک وەڵامێک بۆ کوژرانی ٣ سەربازی وڵاتەکەی لە ئوردن، وتیشی: وەڵامدانەوەکەیان کۆتایی نەھاتووە و لە داهاتووشدا ھێرشەکانیان لەو دوو وڵاتە بەردەوامیی دەبێت.
لە رۆژی ٢٧ ی مانگی رابردوودا لە هێرشێکدا کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر بنکەیەکی هێزەکانی ئەمریکا لە ئوردن ئەنجامدرا، سێ سەربازی ئەمریکی کوژران و زیاتر لە ٤٠ ی دیکەش برینداربوون، دواتریش لە ٧ ی ئەم مانگە لە وەڵامی ئەو هێرشەدا ئەمریکا لە بەغداد دوو سەرکردەی حزبوڵای عێراقی کردە ئامانج.