ئەمڕۆ دادگای فیدڕاڵی بڕیاری کۆتایی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە دەدات

  2024-02-21  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بۆجاری ١٢یەم لەسەر سکاڵای دژ بە یاسای هەڵبژاردنی کوردستان کۆدەبێتەوە و چاوەڕواندەکرێت بڕیاری کۆتایی لەبارەوە بدات.

ئەمڕۆ چوارشەممە، بەپێی کارنامەی راگەیەندراوی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، بڕیارە دادگاکە لەبارەی سکاڵای دژی کورسی پێکهاتەکان یاسایی هەڵبژاردنی کوردستان کۆبببێتەوە.

سکاڵای تایبەت بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعون، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی تۆمارکراوە.

لە سکاڵاکەدا داوایان لە دادگا کردووە، بڕیار لە نادەستووریبوونی ماددەکانی (١، ٩، ١٥، ٢٢، ٣٦)ی یاسای هەموارکراوی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە یەکی ١٩٩٢ بدات.

رۆژی ١٨ی شوباتی ٢٠٢٤ لە دواهەمین کۆبوونەوەی دادگاکەدا بریاردانی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دواخست بۆ ٢١ی شوباتی ٢٠٢٤ ".

چاوەڕوان دەکرێت دوای یەکلاکردنەوەی سکالاکە، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی هەڵبژاردن دەستنیشان بکات کە دەبوو لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا ئەنجام بدرایە.


ڕیکلام