وەزارەتی دارایی هەرێم: بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بە نووسراوی فەرمی نەگەیشتوونەتە دەست ئێمە

  2024-02-27  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لەبارەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و قسەکانی وەزیری دارایی عێراق، وەزارەتی دارایی هەرێم روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "تائێستا بەفەرمی نوسراوی بڕیارەکانمان بەدەست نەگەیشتوە".

هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و لێدوانەکانی دوێنێی تەیف وەزیری دارایی عێراقیش، بە نووسراوی فەرمی نەگەیشتوونەتە دەست ئێمە لە وەزارەتی دارایی ، بۆیە ناتوانین بڵێین چۆن مامەڵە لەگەڵ بڕیارەکان دەکەین".

وتەبێژی وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەشداوە، "ئێمە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان نزیکەی ساڵێکە دەستمان بە پڕۆژەی 'هەژماری من' کردووە. ئەو هەژمارە بانکییە بۆ زیاتر لە ٢٠٠ هەزار فەرمانبەر دروستکراوە، بەتایبەت لە هەولێرهەژماری بانکی بۆ زۆرینەی مووچەخۆران دروستکراوە. ئێستا پڕۆژەکە خەریکە لە پارێزگاکانی سلێمانی و دهۆک دەستپێدەکات".

باسی لەوەشکردوە، "پڕۆسەی هەژماری من کێشە بۆ بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دروست ناکات، چونکە ئەو بانکانەی هەرێمی کوردستان کە مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین هەموویان مۆڵەتیان لە بانکی ناوەندیی عێراق وەرگرتووە و هەموویان بە رەزامەندی ئەو بانکە بەشدارییان لە پڕۆژەی هەژماری من کردووە".


ڕیکلام