بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی، چۆن موچە لەبانکە حکومیە فیدراڵیەکانەوە وەردەگیرێ؟

  2024-03-02  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق زانیاری نوێ لەسەر شێوازی دابەشکردنی مووچە لەلایەن بەغداوە دەخاتەڕوو دەڵێت، "حکومەتی هەرێم ئەگەر بڕیارەکەش جێبەجێ نەکات ئەوە ھەر فەرمانگەو وەزارەتێک خۆی دەتوانێ ڕاستەوخۆ بێ گەڕانەوە بۆ ھەرێم بڕیارەکە جێبەجێ بکات.

سۆران عومەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: حکومەتی ھەرێم ئەگەر بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بۆ جێگیرکردنی موچە لەڕێی بانکە حکومیە فیدراڵیەکانەوە جێبەجێ بکات و کات بەفیڕۆ نەدات ئەوە کارێکی باش دەکات بۆ خۆی و بۆ موچەخۆران.

ئاماژەی بەوەشداوە؛ ئەگەر بڕیارەکەش جێبەجێ نەکات ئەوە ھەر فەرمانگەو وەزارەتێک خۆی دەتوانێ ڕاستەوخۆ بێ گەڕانەوە بۆ ھەرێم  بڕیارەکە جێبەجێ بکات.
ئەوکاتە حکومەتی ھەرێم دەبێ بەرپرسیارێتی ئەو دۆخە ھەڵبگرێ کە دەخولقێت. 

باسی لەوەشکردوە: بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی ھەردوو سەرۆک وەزیرانی ئیتحادی و ھەرێمی پابەند کردووە بە جێگیرکردنی موچەی ھەموو فەرمانبەران و خانەنشینان و سودمەندانی تۆڕی کۆمەڵایەتی، لەڕێی بانکە فیدراڵیە حکومیەکانی دەرەوەی ھەرێم.

دەشڵێت: دادگا میکانیزمی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دیاری کردووە؛ لەسەر سەرۆک وەزیرانی عێراقی پێویست کردووە لەڕێگای سەرجەم بانکە فیدراڵیەکانەوە ڕێوشوێنی پێویست بگیرێتە بەر بۆ کارئاسانی جێگیرکردنی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم تاکو لەشوێنی نیشتەجێبونیان موچەکەیان وەربگرن.

جەخت لەوەشدەکاتەوە: وەزارەتی دارایی عێراقیشی پابەند کردووە بە ھەماھەنگی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەو وەزارەت و دامەزراوانەی ھەرێم بەبێ گەڕانەوە بۆ نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێم، بۆ جێگیرکردنی موچەکانیان لەبانکە فیدراڵیەکانەوە بۆ ئەمساڵ و ساڵانی داھاتوو.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق روونیشیدەکاتەوە: میکانیزمی ئەمەشی بەوجۆرە دیاریکردووە ؛ لیستی موچەکان راستەوخۆ دەدرێت بەوەزارەتی دارایی عێراق، بەرپرسی یەکەمی ئەو وەزارە و فەرمانانەی ھەرێم بەرپرسیارێتی لیستەکان لەئەستۆ ئەگرن لەڕوی ژمارەی موچەخۆران و پلەکانیان و بڕی موچەکانیان و بەڵگەنامەکانیان، کەسی یەکەمی ئەو وەزارەت و فەرمانگەیە واژۆی خۆی دەخاتە سەر لیستەکە لەگەڵ بەڕێوەبەری بەشی دارایی و  بەڕێوەبەری وردبینی و بەڕێوەبەری سەرچاوە مرۆییەکان، ئەم لیستانە دەدرێت بەوەزارەتی دارایی فیدراڵ ئەویش ڕەوانەی بانکە فیدراڵیەکانی دەکات بۆ کردنەوەی ھەژماری فەرمانبەران، تاکو ئەوەش ئەنجام دەدرێ بەو لیستە
موچەکانیان وەردەگرن.
بەم جۆرە دەتوانرێ پرۆسەی (توگین) جێگیرکردنی موچە لەبانکە حکومیە فیدراڵیەکانەوە جێبەجێ بکرێت.


ڕیکلام