نرخی کارەبای مۆلیدە ئەهلیەکانی شاری سلێمانی بۆ مانگی شوبات دیاریکراو بۆ هەر ئەمپێرێک نرخەکەی لە نێوان ١٢ بۆ ١٣ هەزار دیناردایە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە لیژنەی دیاریکردنی نرخی موەلیدە ئەهلییەکان کۆبوونەوە و بەپێی نرخی سوتەمەنی لە بازاڕەکاندا نرخی هەر سەعاتێک بۆ یەک ئەمپێر ٤١ دینارە، بەمەش نرخی یەک ئەمپێر کارەبای موەلیدەی ئەهلی لە ناو شاری سلێمانی لەنێوان ١٢٠٠٠ بۆ ١٣٠٠٠ دیناردایە، بەو پێیەی موەلیدەکان لە نێوان (٢٨٥ بۆ ٣٢٠) سەعات کاریان کردوە، بەهۆی جیاوازی کارکردنیان، نرخی ئەمپێرێک کارەبای موەلیدەی گەڕەکێک بۆ گەڕەکێکی دیکە جیاواز دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێک شوێن بەرنامەی کارکردنی موەلیدەکانیان لە سەعات ٧ی بەیانی بۆ سەعات یەکی شەوە، نرخی ئەمپێریان ١٦.٠٠٠ بۆ ١٧.٠٠٠ دینارە و ئەو موەلیدانەش کە کارکردنیان ٢٤ سەعاتییە نرخی ئەمپێریان ٢٠.٠٠٠ دینارە.
راشیگەیاند: خشتەی کارپێکردنی موەلیدە بۆ مانگی ئادار تا ١٠/٣/٢٠٢٤ لەنێوان ١ی پاشنیوەڕۆ تا ١ی شەو ئەگەر کارەبای نیشتمانی کوژایەوە کار دەکەن، بەیانیانیش لە سەعات :٦:٣٠ تا ٨:٠٠ ی بەیانی کاردەکەن، لە مانگی رەمەزانی پیرۆزدا خشتەی کارکردنیان دەگۆڕێت، رۆژانی هەینی و شەممە و پشووە رەسمییەکان بەیانیان کارناکەن لەبری ئەوە سەعات ١١ی پێشنیوەڕی بۆ سەعات یەکی شەو کاردەکەن.
لیژنەی دیاریکردنی نرخی موەلیدە ئەهلییەکان، لەکۆنووسەکەدا جەختیان لەوە کردوەتەوە کە لەکاتی کوژاندنەوەی کارەبای نیشتمانی نابێت کارپێکردنی موەلیدە و پێدانی کارەبا بەهاوڵاتیان لە (١٠) خولەک زیاتر بخایەنێت، بەپێچەوانەوە خاوەن موەلیدەکە سزا دەدرێت.