پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی چوار تۆمەتباری راگەیاند و دڵنیای دەدەن بە هاوڵاتیان کە دەستگیرکردنی تۆماتباران بەردەوامە.
لەراگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند: دوای ئەوەی چەند حاڵەتێکی تەقەکردن لە سنووری قەزات شارەزوور روویدا، هێزەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکانیان دەستپێکرد.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەڵمەتێکدا و پاش وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، توانرا لەلایەن مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی زەڕایەن چوار تۆمەتبار بە تۆمەتی هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت دەستگیربکرێن، هاوکات دەست بەسەر ژمارەیەک چەکی جۆراوجۆری بێ مۆڵەتدا گیرا.
پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی خستۆتەڕوو، لە ئێستادا تۆمەتباران بە بڕیاری دادوەر راگیراون و هاوڵاتییانیش دڵنیا دەکەینەوە، هەڵمەتی هێزەکانمان بۆ دەست بەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت و دەستگیرکردنی تۆمەتباران بەردەوام دەبێت.