ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد، هەرێمی کوردستان زانیاریی پێچەوانەی دەربارەی موچەخۆرانداوە بەبەغداو لەلیستەکەدا ٦٧ هەزار ناو هەیە کە گومانیان لەسەرە.
سۆران عومەر ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی ڕایگەیاند: گرفتی زۆر لەلیستی موچەی هەرێمی کوردستاندا هەیە لەگەڵ ئەوەشدا بەغدا بەگوێرەی لیستەکە موچەی ناردوە، بەڵام حکومەتی هەرێم دابەشیناکات.
وتیشی: ئەنجومەنی وەزیران کارێکی زۆر خراپی کردوە کە موچەی مانگی دوی دابەشنەکردو ئێستا ناتوانین داوای موچەی مانگی سێ بکەین.
سۆران عومەر لێدوانەکەی دوێنێ شەوی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی ڕەتکردەوە سەبارەت بەوەی کورتهێنان هەبێت بۆ دابەشکردنی موچەو ڕایگەیاند، "ڕۆژانە نەوت دەفرۆشنو بەدانپێدانانی وەزیری دارایی بەرمیلی دەدەن بە ٣٠ دۆلار".
پەرلەمانتارەکە ئەوەشیخستەڕوو، ئەو ڕاپۆرتەی لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی هەرێمو بەغداوە ئیمزای لەسەرکراوە دەریدەخات کە زانیاریی پێچەوانە دراوە بەبەغداو ٦٧ هەزار ناو لەلیستی موچەدا هەن گومانیان لەسەرە، چونکە ناوی دایکیان لەلیستەکەدا نییەو ناتوانرێ وردبینیان تێدابکرێت.
وتیشی: تەنها لەوەزارەتی کارەبادا مانگانە دوو ملیار دینار لەلیستی موچەدا زیادە، ئەمە جگەلەوەی لەژمارەی فەرمانبەرانیش لەلیستی بایۆمەتریو بودجەو وەزارەتی داراییدا ٢٣ هەزار جیاوازییان هەیەو لیستی خانەنشینانیش ١٢ هەزار جیاوازی هەیە، داهاتی ٢٠ مەرزی هەرێمی کوردستان بەلیژنەی دیوانی چاودێری نەدراوە".