سەرۆکی دادگای فیدراڵیی عێراق لە بارەی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانەوە دەڵێت،”لەبەرامبەر موچەخۆرانی هەرێم، ویژدانی خۆمان ئاسوودەکرد، ئەگەر ئەو بڕیارەمان بۆ چارەسەری موچەی موچەخۆرانی هەرێم نەدایە، دەستمان لەکار دەکێشایەوە".
دەستەی داكۆكیكردن لە مامۆستایانی ناڕازی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند، ئەمڕۆ، نزیکەی (100) هەزار واژۆمان دژی پرۆژەی "هەژماری من" گەیاندە دادگای فیدراڵی و وەزارەتی دارایی عێراق و ئەندامی لیژنەی دارایی عێراق و ئەندامی دەستەی دەسپاکی عێراق.
ئاماژەیان بەوەشکرد، لەو سەردانەماندا کۆمەڵێک ڕاستیمان بۆ دەرکەوت کە ئەمانەن:
یەکەم.. هیچ نووسراوێکی ڕاوەرگرتن نەگەیشتووە بە دادگای فیدڕاڵی و ئەوەی وتراوە هەواڵێکی چەواشەکارانەیە.
دووەم.. سەرۆکی دادگای فیدڕاڵی پێی ڕاگەیاندین، " ئەوەی لەسەر ئێمە بووە ئەنجاممان داوە و ویژدانی خۆمان ئاسوودەکردووە، ئەگەر ئەو بڕیارەمان بۆ چارەسەری موچەی مووچەخۆرانی هەرێم نەدایە، دەستمان لەکار دەکێشایەوە و هەروەها جێبەجێکردنی بڕیارەکە لەسەر هەردوو حکومەتە".
سێیەم.. سەرۆکی دادگای فیدڕاڵی وتی" حکومەتی عێراقمان پابەندکردووە کە هاوشێوەی موچەخۆرانی عێراق، موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش خەرج بکات"
چوارەم.. لەبارەی بڕیاری (توطين)ـی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، وەزارەتی دارایی و وەزیری دارایی هیچ پرسیار و ڕاو بۆچوونێکیان داوا نەکردووە لە دادگای فیدڕاڵی.
پێنجەم.. بەڕێوبەری گشتی ژمێریاری وەزارەتی دارایی سووربوونی وەزارەتەکەی دوپاتکردەوە لەسەر (توطين)ـی موچە لەڕێی بانکە حکومییە فیدراڵییەکان و مەحاڵە دادگا بڕیاری خۆی بگۆڕێت و شتی وا ڕوونادات.