سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، پەیوەندیی نێوان عێراق و ئەمریکا کلیلی سەقامگیرییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەوڵی پتەوکردنی ئەو پەیوەندیە دەدەین.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، دیدارەکەی لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە 15ی نیسان، لە میانی سەردانەکەی بۆ واشنتۆن، دەرفەتێکە بۆ ئەوەی هاوبەشی عێراق و ئەمریکا بخاتە سەر رێرەوێکی باشتر و پتەوتر.
سودانی لە قسەکانیدا باسی لە هاوکارییەکانی ئەمریکا کرد لە لەناوبردنی رژێمی پێشووی عێراق بەر لە دوو دەیە و بە گرنگییەکی زۆرەوە باسیکردووە.
ئاشکراشیکردووە، پەیوەندیی نێوان عێراق و ئەمریکا کلیلی سەقامگیرییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەماوەی ئەم دوو دەیەیەدا پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات چەندین هەوراز و نشێویی دیوە.
جەختیشیکردووەتەوە، لەلایەن سەرکردایەتیی هەردوو وڵاتەوە هۆشدارییەکی روون هەیە کە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بە شێوەیەکی ستراتیژی دەمێنێتەوە و بەردەوامدەبن.