سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ڕایگەیاند، "پشتگیريی تەواوی خۆمان بۆ خێراکردنی دەرکردنی یاسایەکی تایبەت بە ئەوقافی مەسیحی دووپات دەکەينەوە، بە شێوەیەک کە لەگەڵ ڕۆحی دەستووری عێراقدا بگونجێت و ئەم موڵکانە لە هەر پێشێلكارى و دەستدرێژیەک پارێزراو بن".
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە كۆنفرانسی ساڵانەی زانكۆی كاتۆلیكی لە هەولێر ڕایگەیاند، پاراستنی پێکهاتەکان و بەرگریکردن لە مافەکانیان، تەنها چه‌ند دروشمێك نین بەرزيان بکەینەوە، بەڵکو چه‌مك و بنه‌مايه‌كى چەسپاوی بڕوامانە كە دەبێت پێكەوە بژین. ئێمه هه‌ر له سه‌ره‌تاى دامه‌زراندنى په‌رله‌مان و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه، داكۆكيمان له به‌شدارى و نوێنه‌رايه‌تيكردنى پێكهاته‌كان له كايه‌ى سياسى و كارگێڕيدا كردووه.
وتیشی، بابەتی بەڕێوەبردنی ئەوقاف و داراییەکانی كه‌نيسه، کە لەم کۆنفرانسەدا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، گرنگییەکی زۆری هەیە. ئەوقافە مەسیحییەکان تەنها موڵک نین، بەڵکو بەشێکن لە میراتێكى گرنگ و به‌نرخ و ده‌وڵه‌مه‌ندی شارستانی و کولتووری و ڕۆحيی ئەم ناوچەیە، هه‌روه‌ها گەرەنتیەکن بۆ بەردەوامبوونی مەسیحیيان و ڕۆڵی زیندوويان لە کۆمەڵگاى كوردستانى و عێراق.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەم ڕوانگەیەوە، ئێمه پشتگیريی تەواوی خۆمان بۆ خێراکردنی دەرکردنی یاسایەکی تایبەت بە ئەوقافی مەسیحی دووپات دەکەينەوە، بە شێوەیەک کە لەگەڵ ڕۆحی دەستووری عێراقدا بگونجێت و ئەم موڵکانە لە هەر پێشێلكارى و دەستدرێژیەک پارێزراو بن. ئەم یاسایە پەیامێکی ڕوون دەبێت کە موڵکی مەسیحیيان لە کوردستان و عێراق پارێزراون و بەشداريی نیشتمانیيان بە ئیرادەیەکی سیاسيی جێگیر و گەرەنتيی ياسايى و دەستووری، پارێزراوە.
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان باسی له‌وه‌شكرد، ئێمه به پاراستنی ئەم میراتە، چ زەوی بێت چ موڵك و سامان، دڵنیایی دەربارەی داهاتوويان ده‌ده‌ين و پەیامی دڵنیایی بۆ مەسیحییەکان ده‌نێرين كه میراتی باب و باپیرانیان، لەم وڵاتەدا پارێزراوه. ده‌بێته پشتگیریيه‌ك بۆ به‌رده‌واميى هه‌بوونى مەسیحييان، ئه‌مه‌ش لە ڕێگەی پاراستنی وەقفەکانەوە کە بۆ دابینکردنی خەرجيی چالاکییەکانی که‌نيسه و ژیانی کارمەندانی و یارمەتیدانی هەژاران و نەداران تەرخان کراون.
ئه‌وه‌شیخسته‌ڕوو، هه‌روه‌ها ده‌بێته جێگیرکردنی مافەکانی بەڕێوەبەرانی وەقفەکان و دەسەڵاتەکانيان، تا بتوانن وەقفەکان پەرەپێبده‌ن و گەشەيان پێ بكه‌ن، مافى خاوەنداريه‌تی و بەڕێوەبردنی وەقفەکانيش، ده‌داته كه‌نيسه. هه‌موو ئه‌مانه گرنگن، چونكه دوای سەدەیەک لە گۆڕانکاريی سیاسی و چەوساندنەوە و ئازار و مه‌ينه‌تى، مانەوەی مەسیحیيان له وڵات و له‌سه‌ر زێدى خۆيان، بە پێشکەشکردنی دڵنیایيی ڕاسته‌قينه و به دڵنيابوون له‌وه‌ى داهاتوویان ئاسوودەيه، بەستراوەتەوە.
وتیشی، داوا لە پياوانى به‌ڕێزى ئايينى و به‌ڕێزان سه‌رۆكى كه‌نيسه‌كان لە كوردستان و لە عێراق دەکەم، بە گيانێكى یەکگرتوویی، بەردەوام بن بۆ تەواوکردنی داڕشتنی ئەم یاسا گرنگە کە پێویستییەكی زۆرە بۆ مەسیحییەكان لە عێراقدا كە ڕێز لە تایبەتمەندییەکانى مه‌سيحييان دەگرێت و مافەکانيان بە تەواوەتی دەپارێزێت.