پارتی سۆسیال دیموکرات: وەزارەتی کاروباری شەهیدان هیچ پەیوەندییەکی بە ئێمەوە نەماوە

  2024-06-18  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وتەبێژى پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، رایگەیاند، ئەو کەسانەى لە حیزب دەرکراون، بەگوێرەى یاساى حیزب، سزاى زیاتریان بەسەردا جێبەجێدەکرێت و وەزارەتی کاروباری شەهیدانیش هیچ پەیوەندییەکی بە ئەوانەوە نەماوە.

فەرهاد تۆفیق حەسەن، کارگێڕى مەکتەبى سیاسى و وتەبێژى پارتی سۆسیال دیموکراتى کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا دەڵێت: ئەگەرچی ئێمە ماوەیەکی زۆرە هیچ وەڵامێکمان بۆ ئەو چەواشەکاری و کردەوە نەشیاوانەی دەرکراوەکان نەبووەو لەئاستی ئەوەدانەبوون جوابیان بدەینەوە، بەڵام بۆ چەواشەکاریی بەردەوامیان و ئەو بەناو ڕونکردنەوەیەی لە ۲٠۲٤/٦/۷ بڵاویانکردۆتەوە، ئەم چەند خاڵە بۆ جەماوەری کوردستان دەخەینەڕوو:

١. هەرچەندە ئێمە باوەڕمان بەتێگەیشتوویی جەماوەر و نوخبەی کوردستان هەیەو لەسەر ئەو بنەمایەشە، کە وتوومانە کاروانی خەباتی ئێمە ئەڕوات و ئەوانیش بۆخۆیان بڵێن، بەڵام بەداخەوە وادیارە هەتا ئێستاش لە پەلاماردانی حزب ناکەون و هێشتا بەمانگەشەو هەڵدەشاخێن و بەردەوامن لەچەواشەکار و قسەی نابەجێ و ناتوانن دەستبەرداری درۆو دراو و دزی بهێنن و شۆکی دۆڕان سەرلێشێوانیان بەرینەداون.

٢. لەدوایی ئەو گێرەشێوێنییەی لەمانگی نیسانی ڕابردوودا، دەرکراوەکان دروستییان کرد، تەنانەت ئەوەی سەرکردەی دەرکراوەکان، کە وەزیری کاروباری شەهیدانە، زۆر نابەرپرسانە لەکەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە هەرچی وتی درۆبوو و تەنانەت یەک ڕستەشی ڕاست نەبوو، ئێمە دانمانبەخۆماندا گرتووەو ئەو کارە ناشرین و تاوانبارییەی ئەنجامیانداوە، بەجێهێشتووە بۆ دادگاو هیچ جۆرە تەداخولێکمان نەکردووە تا دادگا بەسزای یاسایی خۆیان بگەیەنێت، حزبی سۆسیالیستیش بە پێی یاسایی حزبی سزای زیاتری حزبیان لەسەر جێبەجێدەکات.

٣. بۆ جەماوەری تێکۆشەرو کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان دووپاتدەکەینەوە، کە وەزارەتی کاروباری شەهیدان هیچ پەیوەندییەکی بە حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستانەوە نەماوەو وەزیرەکەشی هەرکارێکی دوور لەبەرژەوەندیی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان ئەنجامداوە بۆ بەرژەوەندی شەخسی خۆی بووە، بەدەر لەوە یاسا سزای توندی دیاریکردووە بۆ ئەوکەسانەی پۆست و پێگەی حکومی بۆ بەرژەوەندی کەسی بەکاردەهێنن.

 


ڕیکلام