‎بافڵ جەلال تاڵەبانی: گیانلەدەستدانی ژمارەیەک ھاونیشتمانی لە سنووری ئیتاڵیا، خەمێکی گەورەیە

  2024-06-20  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەبۆنەی خنکانی ژمارەیەک هاوڵاتی هەرێمی کوردستان لە ئاوەکانی سنوری ئیتاڵیا، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "گیانلەدەستدانی ژمارەیەک هاونیشتمانی لە سنووری ئیتاڵیا، خەمێکی گەورەیە و لە دڵەوە نیگەرانین".


‎ ‎بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاماژەی بەوەشدوە، " پرسە و هاوخەمیی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی خێزان و کەسوکارە بەڕێزەکانیان دەکەم و هاوبەشی ئەم ماتەمەین".

‎باسی لەوەشکردوە، "چەندبارەبوونەوەی ئەم رووداوە ناخهەژێنانە مایەی بەخۆداچوونەوە و راچڵەکینێکی گەورەیە تاوەکو بەرپرسیارانەتر مامەڵە بکەین، لەژێر سایەی حوکمڕانییەکی تەندروستدا ژیانێکی شایستەتر بۆ خەڵکەکەمان دابین بکەین و چیتر گەنجەکانمان کە گەورەترین سەرمایەی نیشتمانن نائومێدنەکرێن".

‎لە کۆتایی پەیامەکەیدا سەرۆکی یەکێتی دەڵێت، "لە خوای گەورە داواکارین قوربانیان بە بەهەشتی بەرین شادبکات و سەبووری و ئارامی بەهەموولایەک ببەخشێت".




ڕیکلام