قوباد تاڵەبانی: هیچ بیانوو و پاساوێک نەماوە بۆ دواخستنی زیاتری وادەی هەڵبژاردن

  2024-06-25  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازیکرد لە وەفدێکی نەتەوەیەکگرتووەکان بە سەرۆکایەتی کلاودیۆ کۆردۆن، جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق بۆ کاروباری سیاسی و هاریکاریی هەڵبژاردن و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و پرسی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان تاوتوێ کران.

بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، کۆبوونەوەکە دوای ئەوە دێت کە ماوەی کارکردنی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق درێژکرایەوە و یەکێک لە بوارەکانی کارکردنشیان هاوکاریکردنی عێراق و هەرێمی کوردستانە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پاک و بێگەرد.

ئاماژە بەوەشداوە، لە کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆک وەزیران خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە درێژکردنەوەی ماوەی کارکردنی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق و هیوای خواست رۆڵی گرنگ ببینن لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان بە جۆرێک کە ئەنجامەکەی جێی متمانەی هاوڵاتییانی هەرێم بێت.

لە کۆتایی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، قوباد تاڵەبانی، نیگەرانی خۆشی دەربڕی لە دواخستنی پرۆسەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان و رایگەیاند: هیچ بیانوو و پاساوێک نەماوە بۆ دواخستنی زیاتری وادەی هەڵبژاردن، بە تایبەتیش کە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری تەواوی کردوە بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن.


ڕیکلام