حکومەتی عێراق دەیەوێت کێشەکانی مووچە و نەوت بەیەکجاری لەگەڵ هەرێمی کوردستان یەکلابکاتەوە و رزگاری بێت لەوبێنەو بەردەیە، بەو هۆیەوە، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بە سەرۆکایەتی عەتوان عەتوانی، کۆبونەوەی فراوانی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم ئەنجامداوە، بە ئامانجی چارەسەری هەمیشەیی بۆ کێشەکانی پەیوەیست بە داهاتە نەوتی و نا نەوتیەکان.
عەتوان عەتوانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بەرۆژنامەی (الصباح)ی راگەیاندوە: یەکەم کۆبونەوەی لیژنەی دارایی لە هەرێم دوای چەند دیدارێک بووە لە بەغداد، گفتوگۆ لەسەر خاڵە ناکۆکەکانی پەیوەست بە نەوت و داهاتە گومگییەکان و موچە بووە، لەمیانی کۆبونەوەکان رونبووەتەوە، ئامادەییەکی تەواو هەیە بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ تەواوی پێشنیازە پێشکەشکراوەکان، بەمەرجی ئەوەی لە چوارچێوەی دەستورو بڕگەکانی بودجەدا بێت.
ئاماژەی بەوەشداوە: هەموان قەناعەتیان بەوە هێناوە، بەرێکردنی کێشەکان چیتر سودی نییەو دواخستنی ئاڵۆزی زیاتر دەخولقێنێ، لە ئێستادا لێکگەیشتنی ئەرێنی هەیە لەنێوان بەغدادو هەولێر.
عەتوانی دەڵێت: گرنگترین ئەو پرسانەی گفتوگۆی لەبارەوە کراوە پەیوەستە بە، داهاتە نەوتیەکان، بەتایبەت چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ هەناردەکردنی نەوت و، کێشە هەڵسراوەکانی پەیوەست بە تێچوی بەرهەمهێنان و گواستنەوە، کە ناکۆکییەکی گەورەی لەسەرە، پێویستە میکانیزمێکی روونی بۆ بدۆزرێتەوە بۆ پاراستنی مافەکانی گەل لەو چوارچێوەدا.
باسی لەوەشکردوە: لیژنەکەیان پێشنیازێکی پێشکەشکردووە بۆ پێداچونەوەی گرێبەستە نەوتیەکان و، گۆڕینی لە گرێبەستی هاوبەشی لە بەرهەمهێنانەوە بۆ گرێبەستی هاوبەشی لە قازانج، بەجۆرێک یەکانگیربێت لەگەڵ دەستوری عێراق.
ئەو پێشنیازە دادپەروەری زیاتر دەستەبەردەکات لە دابەشکردنی داهاتەکان.
لە کۆتایدا وتویەتی: بەشێک لە ئامانجی سەردانەکە بۆ هەرێم، بەمەبەستی زیادکردنی داهاتە نانەوتیەکانە، لە نمونەی گومرگ و باج، کە ئامرازی بنەڕتین بۆ بەدیهێنانی گەشەی بەردەوام، کە پشت بە سەرچاوەی داهاتێکی سەقامگیرتر دەبەستێت.