ئاسایشی هەولێر: تۆمەتبارێكمان دەستگیركرد كە تەقەی لەماڵی خەزوری كردووە

  2024-07-13  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
به‌رێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی هه‌ولێر تۆمه‌تبارێكی ده‌ستگیر كرد كه‌ ده‌ستڕێژی گولـلەی ماڵی خەزوری كردبوو.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر تۆمەتبارێكی دەستگیر کرد کە لە ڕێککەوتی (10ـی 7ـی 2024) لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی هێرشی کردبووە سەر ماڵی خەزوری لە قەزای عەنکاوە و ماڵی کوڕێکی خەزوری لە گەڕه‌کی پێنجی حەسارۆکی شاری هەولێر.

ئاسایشی هەولێر دەڵێت، "تۆمەتبارەکە بەشێوەیەکی هەڕەمەکی دەستڕێژی گولـلەی لەو ماڵانە کردبوو، خۆشبەختانە زیانی گیانی نەبوو، لەکاتی دەستگیرکردنیشی، دەستمان بەسەر چەکەکەیدا گرت".

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی هەولێر ئاماژەیبەوەشکردووە، "هەر کەسێک چەکی بێمۆڵەتی لابێت، یان لەسەر هەرکێشەیکی کۆمەڵایەتی و بەهەر بیانوویەک چەک بەکار بهێنێت و تەقە بکات لەلایەن هێزەکانمانەوە دەستگیر دەکرێت و دەدرێتە دادگا".

 
 
 


ڕیکلام