یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەریی کۆبوونەوە

  2024-10-28  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی و سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری كۆبوونەوە و بەگوێرەی راگەیەندراوی كۆبوونەوەكە، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ساختەكاریی كراوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، ئەمڕۆ دووشەممە عەلی باپیر، سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان، بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵا، پیشوازی لە مامۆستا سەڵاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان و شاندی یاوەری كردووە.

ئاماژەبەوەشکراوە، لە دیدارەكەدا باس لە هەڵبژاردنەكانی 20ـی 10ـی 2024ـی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان كرا و هەردوولا هاوڕابوون كە ئەو دەنگانە قەبارەی راستەقینەی خۆیان نییە و ساختەكاریی كراوە، ئەنجامی هەڵبژاردن رەنگدانەوەی دروستی پێگە و سەنگی لایەنەكان نییە.

عەلی باپیر، سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان لە كۆبوونەوەكەدا ڕایگەیاند، "ئەم خولەی پەرلەمان دیزاین كراوە و ئامادەنین تێیدا بەشداربین، نەك هەر لەبەرئەوەی تەنیا ستەم لە كۆمەڵی دادگەریی كراوە، بەڵكو كۆی پڕۆسەكە دژی هەرێمی كوردستان و هاوڵاتیانی بە لاڕێدا براوە".

روونیشكراوەتەوە، هەر لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا هاوڕابوون كە نەدەبوو وا بكرایە، چونكە خەڵك بێئومێد و دڵسارد دەكات و بەمە بارودۆخێكی خراپیان دروست كردووە.