ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق زانیاری نوێ لەسەر کێشەکانی لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەخاتەڕوو دەڵێت، "کێشەی لیستەکانی موچە جدی و حەقیقیەو پڕە لەکەموکوڕی".
سۆران عومەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ تۆڕی هەواڵی ژیان رایگەیاند: کێشەی لیستەکانی موچە جدی و حەقیقیەو پڕە لەکەموکوڕی، حکومەت و وەزارەتی دارایی هەرێم ئامادەی چارەسەرکردنی نین، کات بەڕێدەکەن بێ باکن کە باجەکەی خەڵکی هەرێم دەیدات! ئامادەش نین بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ توگین جێبەجێ بکەن.
ئاماژەی بەوەشدا: تائێستە وردبینی بەردەوامە کۆی گشتی موچە لەترلیۆنێک دینار تێپەڕیوە! لیستی ئەمنی کێشەی زۆری تێدایە هەزاران کەس لەلیستەکەدایە بەبێ زانیاری بەبێ ناو، دامەزراوی تازە، دەیان هەزار ناو نەنێردراوە.
وتیشی: لیژنەی چاودێری دارایی و وەزارەتی دارایی ئەڵێن بۆچی لەلیستی هێزی ئەمنی بەنمونە پلەی ملازم موچەکەی لەهەر شوێنێک مەبلەغێکە بەچی پێوەرێک؟
باسی لەوەشکرد: چۆن یەکەی سەربازی خانەنشین و کەم ئەندامی هەیە؟ سەدان کەموکوڕی و تێبینی هەیەو وەزارەتی دارایی هەرێم ئامادە نیە چارەسەریان بکات.
ئەوەشی خستەڕوو: وەزارەتی دارایی فیدراڵ ناچێتە ژێرباری ناردنی پارە بەو کەموکوڕیانەوە سەرۆک وەزیران داوای سەرفکردنی موچەی کردووە دارایی دەڵێ چەند مانگی پێشوو بەھەمان داواکاری موچە سەرفکراوە تێبینیەکان چاک نەکراوە خۆتان بەرپرسیارێتی یاسایی لەئەستۆ بگرن، بۆیە هێشتا بڕیاری ناردنی موچەی مانگی ٧ نەدراوە.