کۆبوونەوەی باڵای وەفدی هەرێم و وەزارەتی دارایی عێراق بەبێ ئەنجام کۆتاییهات

  2024-08-28  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
کەمێک پێش ئێستا، کۆبوونەوەکەی وەفدی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق سەبارەت بە چارەنووسی مووچەی مانگی تەمموز بەبێ ئەنجام کۆتاییهات، بەپێی زانیارییەکان، "سبەینێش لەگەڵ دیوانی چاودێری عیراق لەسەر ھەمان بابەت کۆدەبنەوە".

سەرچاوەیەک لە نێو وەفدەکەی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، "کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر مووچەی مانگی تەمموز بێ ئەنجام بووە، هەروەها باس لە ناوی دووبارە و زیادە کراوە و هەردوولا تێبینی خۆیان خستووەتەڕوو". 

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشداوە، "بڕیاریشە سبەینێ ئەو وەفدە لەگەڵ دیوانی چاودێری عێراق کۆببێتەوە و گفتوگۆ بکەن سەبارەت بە مووچەی مانگی تەمموز و دوای نیوەڕۆش کۆتایی بە سەردانەکەیان دەهێنن و دەگەڕێنەوە هەرێم"

.
سەرچاوەکە باسی لەوەشکرد، "وەزارەتی دارایی عێراق داوای کردووە ئەو فەرمانبەرانەی مووچەیان لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستانە و نیشتەجێی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمن، دەبێت مووچەکانیان بگوازرێتەوە بۆ سەر بەغداد".

 

سەرچاوە: کوردسات نیوز